دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: بەرهەمی ئاو بۆ دوو هێندەی پێویستیی شارەکە بەرزبووەتەوە

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، کە بەهۆی تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاو، بەرهەمهێنانی ئاوی خاوێن بۆ نزیکەی دوو هێندەی پێویستیی شارەکە بەرزبووەتەوە و بۆ هاوینی ئەمساڵ کێشەی کەمیی ئاو نابێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی 5ـی 2026، ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ڕایگەیاند، کە پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر تەواو بووە و تەنیا بەستنەوەی هێڵەکان کەمێکی ماوە کە بڕیارە لەم مانگەدا کۆتایی بێت.

وتیشی: "ئێستا زۆرینەی شاری هەولێر ئاوی لە پڕۆژەکانەوە پێدەگات نەوەک بیرەکان، هەربۆیە نزیکەی هەزار بیری ئاو کوژێندراونەتەوە".

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری ئاو، ڕۆژانە لە یەک کاتژمێر نزیکەی ٣٣ هەزار مەتر چوارگۆشە ئاو دەگاتە هەولێر. پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرا بە تەنیا ٦٠٪ـی پێویستیی شارەکە دابین دەکات و ٤٠٪ـەکەی دیکەش لە ڕێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.

ئەم پڕۆژەیە کە لە ٨ـی ٩ـی ٢٠٢٤ بەردی بناغەی لە لایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دانرا، ئامانج لێی کۆتاییهێنان بوو بە کێشەی وشکەساڵی و کەمیی ئاو لە گەڕەکەکانی هەولێر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP