دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

بەشی پێنجەمی پارەی گەنمی ساڵی ٢٠٢٥ خەرج کرا

هەرێم نیوز

سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە بەشی پێنجەمی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات، کە بڕەکەی نزیکەی ١٣ ملیار دینارە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی 5ـی 2026، سەروەر کەمال هاواری ئاشکرای کرد، کە لە کۆی ١٠٠ ملیار دینار کە بۆ شایستەی دارایی جووتیارانی عێراق تەرخان کراوە، بڕی ١٢ ملیار و ٦٠٧ ملیۆن دیناری بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستانە.
بەپێی زانیارییەکانی بریکاری وەزارەتی بازرگانی، دابەشبوونی پارەکە بەسەر پارێزگاکاندا بەم شێوەیەیە:

پارێزگای سلێمانی: ٤ ملیار و ٩٣٠ ملیۆن دینار.
پارێزگای هەولێر: ٤ ملیار و ٥ ملیۆن دینار.
پارێزگای دهۆک: ٣ ملیار و ٦٧٢ ملیۆن دینار.

ئەم بڕە پارەیە بەشی پێنجەمی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمە بۆ ساڵی ٢٠٢٥.

جێی ئاماژەیە کە کۆی گشتیی شایستەکانی جووتیارانی هەرێم بۆ ئەو ساڵە بریتییە لە ٣٠١ ملیار و ٥٠٧ ملیۆن دینار، بەڵام تاوەکوو ئێستا بەغدا تەنیا ١٠٥ ملیار و ٧٥٠ ملیۆن دیناری ڕەوانە کردووە و بڕی ١٩٧ ملیار دیناری دیکە لای حکوومەتی عێراق ماوەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP