دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێباز حەملان: بەغدا ڕەزامەندیی لەسەر ناردنی مووچەی مانگی چوار داوە

هەرێم نیوز

ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی چوار وەرگیراوە و هیچ کێشەیەک لە بەردەم ناردنی پارەکەدا نەماوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی 5ـی 2026، ڕێباز حەملان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەیان بۆ بەغدا ناردووە و تەنیا ڕەوانەکردنی داهاتی نانەوتی ماوە. ناوبراو جەختی کردەوە: "مووچەی مانگی چوار هیچ کێشەیەکی نییە، سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراقی فیدراڵ ڕەزامەندییان داوە بۆ ئەوەی بنێردرێت."

یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا، کە بەهۆی ئەو بارودۆخەی بەهۆی جەنگەوە لە ناوچەکەدا دروست بووە، جموجووڵی بازرگانی و داهاتی ناوخۆ کەمی کردووە.

بۆیە تێگەیشتن لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، و بڕیارە سبەینێ یان لەم هەفتەیەدا بڕی زیاتر لە ٥٠ ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتیی مانگی چوار ڕەوانەی بەغدا بکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، هەر ئەمڕۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕەزامەندیی داوە لەسەر وەرگرتنی داهاتی مانگی چواری هەرێمی کوردستان، و نووسراوی فەرمیی ئاراستەی بانکی ناوەندی کردووە بۆ وەرگرتنی ئەو داهاتە نانەوتییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP