دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

"جەلادەکەی نوگرەسەلمان" عەجاج ڕووبەڕووی دادگا دەبێتەوە

هەرێم نیوز

بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە (٧ی ئایاری ٢٠٢٦)، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە بەغدا، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی یەکێک لە دیارترین و دڵڕەقترین داپڵۆسێنەرانی سەردەمی ڕژێمی بەعس دەستپێبکات، کە بە "جەلادەکەی ئەنفال" ناسراوە.

عەجاج تکریتی کێیە؟
عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی، لە ساڵی ١٩٦٢ لە پارێزگای سەڵاحەدین لەدایکبووە. ئەو کە ئەندامی عەشیرەتی (ئەلبوناسر)ە و خزمایەتی لەگەڵ سەدام حوسێن هەبووە، لە ساڵی ١٩٨٦ کۆلێژی ئاسایشی نەتەوەیی تەواو کردووە. لە کاتی شاڵاوەکانی ئەنفالدا، پلەی ڕائیدی لە هەواڵگری هەبووە و بەرپرسی گرتووخانەی مەرگهێنی "نوگرەسەلمان" بووە لە بیابانەکانی سەماوە، کە تێیدا هەزاران هاووڵاتیی کورد بە نادادپەروەرانە دەستبەسەر کرابوون.

خۆشاردنەوە و نەشتەرگەریی جوانکاری
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، تکریتی بۆ ماوەیەک لە کەرکوک خۆی حەشاردا و دواتر بەرەو سووریا هەڵات. بۆ ئەوەی لە چاوی دەزگا ئەمنییەکان و شایەتحاڵەکان ون بێت، چەندین ڕێگەی گرتەبەر:
• گۆڕینی شێوە: پەنای بۆ نەشتەرگەریی جوانکاری برد بۆ گۆڕینی دەموچاوی.
• پڕوپاگەندەی مردن: خێزانەکەی پڕوپاگەندەی کۆچی دواییان بۆ بڵاوکردەوە.
• ناسنامەی نادیار: دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق، لە قەزای زوڵوعییە بە ناسنامەیەکی ساختە خەریکی ئاژەڵداری بوو.

ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردن
دوای پرۆسەیەکی هەواڵگریی ورد کە شەش مانگی خایاند سەرەنجام لە ٣١ی تەمموزی ٢٠٢٥ عەجاج تکریتی دەستگیرکرا. ناوبراو لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا ناوە کە بە ئەنقەست ئاو و خواردنی ناتەندروستی داوە بە دەستبەسەرە کوردەکان بۆ ئەوەی لە ناو زینداندا گیان لەدەست بدەن.

دانیشتنی دادگا و شایەتحاڵەکان
دانیشتنەکە کاژمێر ٨:٣٠ی بەیانی لە ناوچەی ڕەسافەی بەغدا بەڕێوەدەچێت. بڕیارە زیاتر لە ٢٠٠ ڕزگاربووی ئەنفال وەک گەواهیدەر ئامادە بن و گێڕانەوەی ئەو مەینەتییانە بخەنە ڕوو کە لە نوگرەسەلمان بەسەریان هاتووە. ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ سکاڵای یاسایی لە دژی ئەم تاوانبارە تۆمارکراوە و کەسوکاری ئەنفالکراوان بە ئومێدەوە چاوەڕێی دادپەروەری دەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP