هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی دیدارەکانیدا لە بەغدا، لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی سەروەریی یاسا و کارکردن لە چوارچێوەی دەستووردا کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی 5ـی 2026، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری، لەگەڵ فایەق زێدان کۆبوونەتەوە و دۆخی سیاسی و گشتیی وڵاتیان تاوتوێ کردووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەردوولا جەختیان کردووەتەوە کە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی دەسەڵات، دامەزراوەکانی وڵات، سەقامگیری و ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەمووان.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، ڕۆڵی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری لە پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکانی وڵات بەرز دەنرخێنن، هەروەها سوپاسی کرد بۆ ڕۆڵی لە چارەسەرکردنی کێشەکان و دروستکردنی لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنەکاندا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لە کارکردن لە چوارچێوەی دەستووردا کردەوە وەک تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات و پاراستنی ماف و شایستە یاساییەکانی هەموو پێکهاتەکان و قەوارەی فیدراڵی و دەستووریی هەرێمی کوردستان.
هەروەها بڕیار درا، کە بەردەوامی بدرێت بە هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان دەزگا و دامەزراوە دادوەرییەکانی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.