دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

فراکسیۆنی پارتی دەگەڕێتەوە بەغدا؛ کاتی متمانەدان بە حکومەتەکەی عەلی زەیدی دیاریکرا

هەرێم نیوز
دوای بایکۆتکردنێکی درێژخایەن، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری دا کۆتایی بە بایکۆت بهێنێت و بگەڕێتەوە ناو دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمەش ڕێگە بۆ متمانەدان بە کابینە نوێیەکەی عەلی زەیدی خۆش دەکات.

فراکسیۆنی پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە بڕیاری گەڕانەوەیان دوای دروستبوونی لێکتێگەیشتنی ئەرێنی دێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت دوای سەردانی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو و شاندی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی پارتی. ئامانجی ئەم هەنگاوەش گەیشتنە بە چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە وەک فراکسیۆن دەگەڕێنەوە بەغدا. سەبارەت بە کاتی دانیشتنی متمانەدان بە حکومەت، دووبەردانی وتی:
• ئەگەر ئەمڕۆ کارنامەی دانیشتنەکە ڕابگەیەنرێت، ڕۆژی دووشەممە دانیشتنی متمانەدان بە حکومەت بەڕێوە دەچێت.
• ئەگەرنا، ڕۆژی سێشەممە دوا وادە دەبێت بۆ متمانەدان.
• هۆکاری پەلەکردنەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دوای ئەو وادەیە، بەهۆی گەشتی پەرلەمانتاران بۆ حەج، پەرلەمان ڕووبەڕووی کێشەی نیسابی یاسایی دەبێتەوە.

فراکسیۆنی پارتی لە ١٨ی نیسانی ڕابردووەوە بڕیاری دابوو دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ کاتێکی نادیار بایکۆت بکات. هۆکاری سەرەکیی ئەو بڕیارە ناڕەزایەتی بوو بەرامبەر بە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق، کە تێیدا بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان پشتگوێ خرابوون، بەڵام ئێستا بە گەڕانەوەی ئەم فراکسیۆنە، پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP