هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بڕیارێکی مێژوویی لەبارەی دۆسیە شاراوەکانی پەیوەست بە گەردوون و تەنە فڕیوەکان دەرکرد و کۆتایی بە دەیان ساڵ لە نهێنیپارێزی هێنا.
بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و بەڵگەنامەکان
بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی ئەمریکا، سەرۆک ترەمپ دەزگا فیدراڵییەکانی ڕاسپاردووە بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی بڵاوکردنەوەی دۆسیە حکومییەکانی تایبەت بە "تەنە فڕیوە ناسنامەنەناسەکان" (UFO). لەم چوارچێوەیەدا، زنجیرەیەک گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوکراونەتەوە کە تێیدا دەرکەوتنی چەندین تەنی فڕیوی سەیر لە کات و شوێنی جیاوازدا تۆمار کراون، کە تاوەکو ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی زانستییان بۆ نەبووە.
گەڕان بەدوای ژیان لە دەرەوەی زەوی
ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ تەنیا بۆ بڵاوکردنەوەی دیمەنەکان نییە، بەڵکو ئامانج لێی دەستنیشانکردنی ڕاستی و دروستیی ئەو زانیارییانەیە کە باس لە بوونی ژیان لە دەرەوەی هەسارەی زەوی دەکەن. تۆڕی "فۆکس نیوز" ئاشکرای کردووە کە ئەم بڕیارە پشتیوانیی هەردوو حیزبی کۆماری و دیموکراتەکانی لەگەڵە و بەرپرسانی واشنتن پێیان وایە "گەلی ئەمریکا شایستەی ئەوەیە ڕاستییەکان بزانێت".
لە ئۆباماوە بۆ ترەمپ
هەرچەندە پێشتر باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، ئەم پرسەی وروژاندبوو و کاردانەوەی زۆری لێکەوتبووەوە، بەڵام ئیدارەی ئێستای ترەمپ هەنگاوەکەی بردە قۆناغێکی کردەییەوە. ئامانجەکە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەیە کە دەیان ساڵە لەبارەی ئەگەری بوونی چالاکیی "نامرۆیی" یان بوونەوەرە ئاسمانییەکان لە مێشکی خەڵکدا دروست بووە.
ئەم وەرچەرخانە لە سیاسەتی ئەمریکا بە یەکێک لە گەورەترین هەوڵەکان بۆ ئاشکراکردنی نهێنییەکانی پنتاگۆن و دەزگا هەواڵگرییەکان لەبارەی بۆشایی ئاسمان دادەنرێت.