دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

سێنتکۆم هەواڵی پێکرانی کەشتییەکانی ڕەت دەکاتەوە و جەخت لە بەردەوامیی گەمارۆکان دەکاتەوە

هەرێم نیوز

ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی ڕایدەگەیەنێت، کە هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران بە دوو مووشەک کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکایان لە نزیک ناوچەی "جاسک" کردووەتە ئامانج، بەڵام فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە توندی ئەو هەواڵە ڕەت دەکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی 5ـی 2026، ئاژانسی فارس بڵاویکردەوە، کە کەشتییەکی هێزی دەریایی ئەمریکا بە مەبەستی تێپەڕین لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی نایاسایی دەجوڵایەوە، دوای ئەوەی هۆشدارییەکانی هێزی دەریایی ئێرانی پشتگوێ خست، بە هێرشێکی مووشەکی کرایە ئامانج. 

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە داوە، کە کەشتییەکە بەهۆی لێدانەکەوە نەیتوانیوە درێژە بە ڕێگاکەی بدات و ناچار بووە لە ناوچەکە هەڵبێت و بگەڕێتەوە دواوە.

لە بەرانبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا هەواڵەکەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: "هیچ کەشتییەکی هێزی دەریایی ئەمریکا بەر هیچ هێرشێک نەکەوتووە."

 سێنتکۆم جەختی کردەوە، کە هێزەکانیان لە ناوچەکەدا سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەی "ئازادی" (Project Freedom) و سەپاندنی گەمارۆی دەریایی تووندن بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا.

کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشتر چەندین جار هۆشداریی دابوو، کە هەر تێپەڕینێک بە گەرووی هورمزدا بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی لە تاران ڕێگەپێدراو نییە و ڕووبەڕووی وەڵامی یەکلاکەرەوە دەبێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP