دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا: سنوورێکی ڕوون لەنێوان حکومەتی عێراق و میلیشیاکاندا نەماوە

هەرێم نیوز

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا ڕایگەیاند، کە لە ئێستادا هێڵێکی جیاکەرەوەی ڕوون لەنێوان دەوڵەتی عێراق و گرووپە میلیشیاکاندا بەدی ناکرێت.

ئەمڕۆ هەینی، 8ـی 5ـی 2026، کەناڵی "ئێن بی سی نیوز" لە زاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، کە واشنتن نیگەرانە لەوەی سنووری نێوان دەسەڵاتی فەرمیی دەوڵەت و هەژموونی گرووپە چەکدارەکان لێڵ و ناڕوون بووە.

وتەبێژ، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم هەڵسەنگاندنە نوێیەی ئەمریکا نیشانەی تێکەڵبوونی بڕیاری سیاسی و ئەمنی وڵاتەکەیە لەگەڵ ئەجێندای ئەو گرووپانە.

ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە فشاری نێودەوڵەتی لەسەر حکومەتی عێراق چڕ بووەتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و سنووردارکردنی ڕۆڵی گرووپە چەکدارەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت.

چاودێران پێیان وایە ئەم لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی پەیوەندییەکانی واشنتن و بەغدا، بەتایبەت لە ڕووی هاوکارییە سەربازی و ئابوورییەکانەوە، ئەگەر بێت و حکومەت نەتوانێت سەروەریی تەواوی خۆی بسەلمێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP