هەرێم نیوز
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانەوە، گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران زیاتر لە ٦٠٠ جار هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی لە عێراق.
ئەمڕۆ هەینی، 8ـی 5ـی 2026، ڕاپۆرتە دیپلۆماسییەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە واشنتن فشاری توندی خستووەتە سەر حکومەتی نوێی عێراق بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو گروپانە بپچڕێنێت، هاوکات سزای بەسەر ژمارەیەک بەرپرسی عێراقیدا سەپاندووە بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ تاران.
وتەبێژ، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان "سەنتەری پاڵپشتیی دیپلۆماسیی بەغدا" بووە کە بنکەیەکی لۆجستیی گرنگی ئەمریکییەکانە.
لە پەرەسەندنێکی مەترسیداردا، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد بەپەلە عێراق جێبهێڵن.
باڵیۆزخانە هۆشداریی داوە کە میلیشیاکان بەردەوامن لە داڕشتنی پیلان بۆ هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی ئەمریکی و ئەو ئامانجانەی پەیوەندییان بە واشنتنەوە هەیە لە سەرتاسەری عێراقدا، ئەمەش نیشانەی تێکچوونی زیاتری دۆخی ئەمنی و سیاسیی وڵاتەکەیە.