دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

گەرووی هورمز دەکوڵێت؛ پێکدادانی سەربازی لەنێوان ئێران و ئەمریکا ڕوویدا

هەرێم نیوز
سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، جارێکی دیکە دۆخی ئەمنیی گەرووی هورمز تێکچوو و گرژییەکان گەیشتنە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی لەنێوان هێزەکانی تاران و واشنتن.

پێکدادانی پچڕپچڕ لەناو گەرووەکەدا
ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، لە چەند کاتژمێری ڕابردووەوە پێکدادانی پچڕپچڕ لەنێوان هێزە دەریایییەکانی ئێران و کەشتییە جەنگییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەناو گەرووی هورمز دەستیپێکردووە. ئەم پەرەسەندنە توندە دوای ماوەیەک لە چاودێریکردنی وردی یەکتر دێت لە ئاوەکانی کەنداو.

ئاستی گرژییە سەربازییەکان
بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی ئێران، هێزە ئێرانییەکان و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەیەکی هەستیاری ناو گەرووەکەدا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گرژییەکان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و هەردوولا لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان بۆ هەر ئەگەرێکی فراوانبوونی شەڕەکە.

مەترسی لەسەر ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراو
ئەم پێکدادانە لە کاتێکدایە کە تەنیا دوێنێ باس لە نزیکبوونەوەی هەردوو وڵات دەکرا بۆ واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی "یەک لاپەڕەیی" بە مەبەستی ڕاگرتنی جەنگ. تێکچوونی دۆخەکە بەم شێوەیە، ئاستەنگی گەورە دەخاتە بەردەم هەوڵە دیپلۆماسییەکان و ئەگەری هەیە واشنتن و تاران بەرەو قۆناغێکی مەترسیدارتری ململانێی سەربازی ببات.

تاوەکو ئێستا پنتاگۆن و سوپای ئەمریکا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان لەسەر قەبارەی زیانەکان و وردەکاریی پێکدادانەکان بڵاونەکردووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP