دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک کۆماری ئیتاڵیا لە ڕۆما کۆبوونەوە؛ جەخت لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری کرایەوە

هەرێم نیوز

لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ پایتەختی ئیتاڵیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆک کۆماری ئیتاڵیاوە پێشوازیی لێکرا و پێکەوە پەرەپێدانی پەیوەندییە دۆستانەکانی هەولێر و بەغدایان لەگەڵ ڕۆما تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە (١٩ی ئایاری ٢٠٢٦)، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ئیتاڵیا، نێچیرڤان بارزانی و سێرجیۆ ماتارێلا کۆبوونەوەیەکی فەرمییان ئەنجامدا؛ هەردوولا دووپاتیان لەسەر خواستی هاوبەشیان کردەوە بۆ بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لە بوارە جیاجیاکانی ئابووری، سیاسی و کولتووریدا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ پشتگیریی بەردەوامی هەمەلایەنەی ئیتاڵیا دەربڕی، بەتایبەتی لەڕووی سیاسی، مرۆیی و گەشەپێدانەوە؛ هاوكات نێچیرڤان بارزانی هاوکارییە سەربازییەکانی کارمەندانی سوپای ئیتاڵیای لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ماوەی شەڕی دژی تیرۆر و مەشقپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە، سەرۆک کۆماری ئیتاڵیا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بە تەواوی پابەندە بە پشتگیریکردن لە ئارامی، سەقامگیری و پرۆسەی گەشەپێدانی عێراق و هەرێمی کوردستان. سەرۆک ماتارێلا هه‌روه‌ها ستایش و پێزانینی ڕۆمای بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە وەک پارێزەر و لانکەیەکی ئارامی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان و چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، دوایین پێشهات و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەرێکی سەرەککی کۆبوونەوەکە بوو، لەمبارەیەشەوە هەردوولا هاوڕا و هاوبەش بوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاشتی، هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری ململانێکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP