دواین هەواڵ

ئابوری‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی هەرێم ٥٠ ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتی خستە سەر هەژماری بانکیی بەغدا

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی ڕەوانەکردنی داهاتی نانەوتیی مانگی ئایاری بۆ سەر هەژماری بانکیی حکومەتی فیدراڵ ڕاگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی پابەندییەکانی هەرێم بە ڕێککەوتنە داراییەکان.

ناردنی ٥٠ ملیار دینار بە شێوازی کاش
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە (٢٥ی ئایاری ٢٠٢٦)، لەسەر بڕیاری فەرمیی وەزارەتەکە، بڕی (50,000,000,000) پەنجا ملیار دینار، وەک پشکی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار، بە شێوەی نەختینە (کاش) ڕادەست کرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەم بڕە پارەیە بە فەرمی خراوەتە سەر هەژماری بانکیی تایبەتی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

هەنگاوێک بۆ مسۆگەرکردنی مووچە
ئەم هەنگاوە یاسایی و داراییەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی باڵای ئەنجامدا، و تێیدا جەخت لە پاکتاوکردنی سەرجەم ژمارە داراییەکان و ناردنی داهاتەکان کرایەوە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەر ئاستەنگێک لە پڕۆسەی ناردنی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP