هەرێم نیوز
ئەمڕۆ شەممە (٢٣ی ئایاری ٢٠٢٦)، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ بەغدای پایتەخت، لەگەڵ عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە.
پشتیوانیی هەرێم بۆ سەرخستنی کابینە نوێیەکەی بەغدا
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای پیرۆزباییی گەرمی دەستبەکاربوون لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، پشتیوانیی تەواوی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی کابینە وزارییەکەی دووپات کردەوە، بە ئاراستەی خزمەتکردنی گشت پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراق بەبێ جیاوازی.
هاوکات مەسروور بارزانی جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی بنەڕەتی کردەوە، بە جۆرێک کە لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان بێت.
ئەلزەیدی: ئێمە هەموومان لەم وڵاتەدا هاوبەشین
لەلایەکی دیکەوە، عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ خۆشحاڵیی قووڵی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لە پرەنسیپی هاوبەشیی نیشتمانی کردەوە و ڕایگەیاند: "ئێمە هەموومان هاوبەشین لەم وڵاتەدا؛ ئامانجی سەرەکیمان چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکان، گەیشتن بە ڕێککەوتنی گشتگیر و خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییان و پێکهاتەکانە بێ جیاوازی."
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، هەردوولا هاوڕا و کۆدەنگ بوون لەسەر پتەوکردنی ئاستی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ کێشەکان و تێپەڕاندنی سەرجەم ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان.