هەرێم نیوز
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر بە فەرمی سەرکەوتنی تەواوی پلانی ئەمنی، گەشتیاری، تەندروستی و خزمەتگوزاریی تایبەت بە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزی ڕاگەیاند، کە تێیدا سەرجەم بڕگەکان بەبێ هیچ جۆرە گیروگرفتێک جێبەجێ کران.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی پارێزگای هەولێر کە ئەمڕۆ یەکشەممە (٣١ی ئایاری ٢٠٢٦) بڵاوکراوەتەوە، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی پارێزگار، پلانەکە بە سەرکەوتوویی بۆ پاراستنی سەر و ماڵ و ئارامیی هاووڵاتیان نیشتەجێبووی پایتەخت کۆتایی پێهاتووە. ئاماری بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازەکانیش لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژندا بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:
١. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر:
سەرجەم هێزەکانی پۆلیس لە ئامادەباشیی تەواودا بوون. لە کاتی پشووەکاندا ١١٣ ئەفسەر و ١,٥٣٢ کارمەند لە ئەرکی مەیدانیدا بوون. لەم ماوەیەدا ئەم ڕووداوانە تۆمار کران:
تۆمارکردنی ٣ تاوانی کوشتن (پیاو و ئافرەت).
چەند حاڵەتێکی شەڕکردن و ٤ حاڵەتی دزیکردن.
٢. بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەولێر:
پلانی پێشوازی لە گەشتیاران و دابینکردنی هێڵی گەرمی پەیوەندی لە بازگەکاندا وەک خۆی جێبەجێ کرا. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، شاری هەولێر لە پشووی جەژندا پێشوازی لە ١١٢,٦٥٧ گەشتیار کردووە کە لە دەروازە جیاوازەکانەوە هاتوونەتە ناو پایتەخت و ناوچە گەشتیارییەکان.
٣. بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر:
سەرەڕای جێبەجێکردنی پلانەکە، بەهۆی پابەندنەبوونی شۆفێران بە ڕێساکانی هاتوچۆ و لێخوڕینی خێرا، ٤ ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویان دا کە لە ئەنجامیاندا کەسێک بریندار بوو.
٤. بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر:
تەواوی بنکەکان لە ئەرکدا بوون و توانییان سەرجەم ڕووداوەکان کۆنترۆڵ بکەن کە تەنها زیانی ماددییان لێکەوتەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبوو. ڕووداوەکان بریتی بوون لە:
٥ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵان، ٢ ئاگرکەوتنەوەی ئۆتۆمبێل.
٣ ئاگرکەوتنەوە لە دوکان و چێشتخانەکان.
٥١ حاڵەتی سووتانی پووش و پاوان.
٥. بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر:
سەرجەم هێزەکانی ئاسایش بەپێی پلانە داڕێژراوەکان بۆ هەر حاڵەتێکی پێویست لە حاڵەتی ئامادەباشی و ئەرکدا بوون، و پلانەکە بەبێ هیچ گرفتێکی ئەمنی جێبەجێ کرا.
٦. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر:
تیمە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەکانی ڕزگاری و فریاکەوتنی ڕۆژئاوا لە ماوەی ڕۆژانی (٢٦ تا ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٦) ئەم خزمەتگوزارییانەیان پێشکەش کردووە:
پێشوازیکردن لە ٣,٠٠٤ هاووڵاتی بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
تۆمارکردنی ٢١٦ ڕووداو و حاڵەت: (١٣٧ ڕووداوی هاتووچۆ و ماتۆڕسکیل، ١٣٤ حاڵەتی بەربوونەوە، ١١ حاڵەتی گەستنی سەگ).
تۆمارکردنی نهخۆشی: (٧٠ حاڵەتی سکچوون و ڕشانەوە، ١٧ حاڵەتی پێوەدانی مار و دووپشک، ٣٥ حاڵەتی ژەهراویبوون بە خۆراک).
دابینکردنی ٥٨٤ بوتڵ خوێن بۆ نەخۆشخانەکان.
ئەنجامدانی ١٩٥ نەشتەرگەری (١٩ گەورە و ١٧٦ بچووک).
پێشوازیکردن لە ٦٠١ نەخۆش لە سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە.
تۆمارکردنی ٢٢٧ لەدایکبوون (٩٧ سروشتی و ١٣٢ بە نەشتەرگەری).
سوپاسگوزاریی پارێزگار بۆ تیمەکان
پارێزگای هەولێر لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، دەستخۆشیی قووڵی خۆی ئاڕاستەی تەواوی هێزە ئەمنییەکان، کارمەندانی تەندروستی، بەرگری شارستانی، شارەوانی و ژینگەپارێزان کرد کە وێڕای پشووی فەرمی، شەو و ڕۆژیان خستە سەر یەک بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان. جارێکی دیکەش دڵنیایی دایە هاوشاریانی پایتەخت کە هەمیشە وەک چاوێکی بێدار لە خزمەتی پاراستنی سەر و ماڵیاندا دەبن.