هەرێم نیوز
جۆناسان پۆلارد، سیخوڕی پێشووی ئیسرائیلی-ئەمریکی، بە لێدوانەکانی سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی نوێ لە نێوان ئیسرائیل و هەریەک لە تورکیا و میسر دوای کۆتاییهاتنی ململانێکانی ئێستای غەززە و لوبنان، مشتومڕێکی بەرفراوانی لە ناوەندە سیاسییەکاندا دروستکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی 5ـی 2026، بەپێی ئەو لێدوانانەی کە ماڵپەڕی (Israel National News) بڵاویکردووەتەوە، پۆلارد هۆشداری داوە و ڕایگەیاندووە: "گەردەلوولێک بەڕێوەیە کە جیهان پێشتر هاوشێوەی نەبینیوە".
ناوبراو پێی وایە کە ئیسرائیل "بە ئەگەری زۆرەوە ناچار دەبێت جەنگی داهاتووی دژی تورکیا و میسر بکات".
پۆلارد ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئیسرائیل ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییە هەرێمییەکان دەبێتەوە و پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە دەرگا بەڕووی پێکدادانی فراوانتردا دەکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو سیخوڕەی پێشووی ئیسرائیل، بە ڕاشکاوی دان بەوەدا دەنێت کە ئیسرائیل سەربەخۆیی تەواوەتی نییە و دەڵێت: "ئێمە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نیین وەک ئەوەی سەرکردەکانمان بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو تەنها هێزێکی یارمەتیدەری سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاین و لە بازنەی ئەواندا دەجوڵێین".
جێی باسە، جۆناسان پۆلارد یەکێکە لە دیارترین دۆسیەکانی سیخوڕی لە مێژووی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا.
ئەو پێش دەستگیرکردنی لە ساڵی 1985 بە تۆمەتی دزەپێکردنی بەڵگەنامەی نهێنی بۆ ئیسرائیل، وەک شیکەرەوەی هەواڵگری لە هێزی دەریایی ئەمریکا کاری کردووە و دوای بەسەربردنی نزیکەی 30 ساڵ زیندانیکردن لە ئەمریکادا، ئازادکرا و دواتر گەڕایەوە ئیسرائیل.