هەرێم نیوز
محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکدا کە لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی دەستکەوتە سیاسی و ستراتیژییەکان لە ڕێگەی توانای بەرگری و موشەکییەوە بەدەست دەهێنێت، و ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەوان لە پێناو گەیاندنی ڕوانگە و ویستی تاران بە لایەنی بەرامبەر لە مێزی دانوستانەکاندام.
ئەمڕۆ هەینی، 29ـی 5ـی 2026، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە چوارچێوەی لێدوانەکانیدا تیشکی خستە سەر پرسی متمانەی نێودەوڵەتی و ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران پێوەری سەرەکیی لای، کردەوەی سەرئەرز و هاوسەنگیی هێزە، نەک تەنیا بەڵێن و گەرەنتییە نووسراو و زارەکییەکانی لایەنە دەرەکییەکان.
قاڵیباف جەختیشی کردەوە، پێش ئەوەی لایەنی بەرامبەر هەنگاوی کرداریی ڕاستەقینە نەنێت، تاران هیچ جۆرە گۆڕانکاری و کشانەوەیەک لە هەڵوێستەکانی خۆیدا جێبەجێ ناکات.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، محەمەد باقر قاڵیباف ڕوانگەی سەربازی و ئەمنیی وڵاتەکەی بۆ قۆناغی دوای هەر لێکتێگەیشتنێک ڕوون کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، سەرکەوتنی هەر ڕێککەوتنێکی سیاسی یان نێودەوڵەتی، بەندە بەوەی کە لایەنەکان لە دوای واژۆکردنی دەقی ڕێککەوتنەکەوە، چۆن کار بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەهێزکردنی پێگەی خۆیان دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەرەکانی داهاتوو.