دواین هەواڵ

جیهان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

کەوتنەخوارەوەی درۆنێکی ڕووسی لە ڕۆمانیا، کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە

هەرێم نیوز

مارک ڕووتە، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، ڕایدەگەیەنێت، کە هاوپەیمانێتییەکە ئامادەیە بەرگری لە تەواوی خاکی هاوپەیمانان بکات، و جەخت دەکاتەوە کە کردەوە سەربازییەکانی ڕووسیا مەترسی بۆ سەر ناوچەکە دروست دەکەن.

ئەمڕۆ هەینی، 29ـی 5ـی 2026، مارک ڕووتە، ئەمینداری گشتیی ناتۆ، دوای هێرشە درۆنییەکەی ڕووسیا بۆ سەر ڕۆمانیا، بڵاویکردەوە، سەرۆکی ڕۆمانیای دڵنیا کردووەتەوە کە هاوپەیمانێتییەکە ئامادەیە بەرگری لە هەر بستێکی خاکی هاوپەیمانان بکات. 

ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەڵسوکەوتە سەربازییەکانی ڕووسیا مەترسی لەسەر هەمووان دروست دەکات و پێویستە شەڕ و مەترسییەکانی سەر سەلامەتیی هاوڵاتیان کۆتایی پێبێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە ڕۆمانیا بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج، لە کاتێکدا ڕووسیا هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی ئۆکرانیا لە نزیک سنوورەکان. 

ناتۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئیدانەی کردەوە سەربازییەکانی ڕووسیا دەکەن و هاوپەیمانیی ناتۆ بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردنی بەرگرییەکانی بەرامبەر بە هەموو هەڕەشەکان، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، سەرۆکی ڕۆمانیا ڕایگەیاندووە، سروشتی بێوێنەی ڕووداوەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێویستی بە وەڵامدانەوەیەکی هەماهەنگی هەیە لەسەر هەردوو ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی؛ لەسەر هەمان ڕووداو، وەزارەتی دەرەوەی ڕۆمانیا باڵیۆزی ڕووسیا لە وڵاتەکەی بانگهێشت کردووە.

هاوكات وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنساش، باڵیۆزی ڕووسیا لە پاریس بانگهێشت کردووە بەهۆی ڕووداوی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا لە ڕۆمانیا. لای خۆیەوە، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا و بەزاندنی ئاسمانی ڕۆمانیای بە کارێکی نادروست و نائاسایی ناوبردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP