دواین هەواڵ

عێراق‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

عەسائیبی ئەهلی حەق پێکهێنانی لیژنەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی و چەکدانان ڕاگەیاند

هەرێم نیوز

لە پەرەسەندنێکی خێرا و بێپێشینەی دۆخی ئەمنیی عێراقدا، بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بە فەرمی چوونە ناو پڕۆسەی چەکدانان و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی ڕایگەیاند، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ بڕیارەکانی شەوی ڕابردووی چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕێنماییەکانی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی.

ئەمڕۆ سێشەممە (٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، گرووپی "عەسائیب ئەهلی حەق" لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، لەسەر ڕێنوێنی و فەرمانی ڕاستەوخۆی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە، بڕیاریان داوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی ناوەندی بە مەبەستی گرتنەبەری سەرجەم ڕێوشوێنە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەکدارەکانیان لە ڕیزەکانی حەشدی شەعبی و ڕادەستکردنی تەواوی چەکەکانیان بە دەوڵەت.

بزووتنەوەکە ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە پڕاکتیکییە لە پێناو پاڵپشتیکردنی بڕیاری سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و چەسپاندنی پایەکانی دەوڵەتی دەستووری دێت، کە شەوی ڕابردوو عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانیان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا سەرپشک کردبوو.
‎بەپێی ڕاگەیەنراوە فەرمییەکە، لیژنە ناوەندییەکە لە لایەن فەرماندەی دیاری بزووتنەوەکە (جەواد تەلیباوی) سەرپەرشتی دەکرێت، و بە ئەندامیەتیی هەر یەکە لە (ڕافد ساڵح عەلی، عەبدوڵا شاکر کامل، و عەلی حەمزە کازم) دەستبەجێ دەستبەکار دەبن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.

ئەرکە سەرەکۆییەکانی ئەم لیژنە سەربازییە بریتین لە:
•دروستکردنی ئامارێکی ورد و گشتگیر لە سەرجەم چەکدارانی گرووپی عەسائیب.
•سەرژمێریکردن و تۆمارکردنی سەرجەم چەکە سووک، مامناوەند و قورسەکان و ئامێرە لۆجیستییەکان.
•ڕێکخستنی میکانیزمەکان هاوتەریب لەگەڵ فەرمان و ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، تاوەکو پڕۆسەکە بە تەواوی لەژێر چاودێریی دامەزراوە تەنایی و ئەمنییە فەرمییەکانی وڵاتدا بەڕێوە بچێت.

ئەم بڕیارەی عەسائیبی ئەهلی حەق بە دووەم وەرچەرخانی گەورەی ناوخۆیی هێزە شیعەکان دادەنرێت لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، دوای ئەوەی هێزەکانی سەرایا سەلامی سەر بە ڕەوتی سەدریش ئامادەیی هاوشێوەیان نیشاندا، ئەمەش فشارەکان لەسەر ئەو گرووپە چەکدارە سەرکەش و توندڕەوانە (وەک ئەسحاب ئەلکەهف) چڕتر دەکاتەوە کە هێشتا بڕیارەکانی دەوڵەت ڕەت دەکەنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP