هەرێم نیوز
کاردانەوەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەرامبەر بە بڕیارە ئەمنییە نوێیەکانی بەغدا توند دەبێت؛ گرووپی "ئەسحاب ئەلکەهف" بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئامادە نییە چەکەکانی ڕادەستی حكوومەت بکات، هاوکات هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی قورسی بۆ سەر بەندەری ئیلاتی ئیسرائیل کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە (٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، گرووپی چەکداریی "ئەسحاب ئەلکەهف" (کە یەکێکە لە کوتلە دیارەکانی ناو بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق)، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، تەواوی ئەو بانگەواز و بڕیارە سیاسییانەی ڕەتکردەوە کە داوای ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت و بڕینی پێوەندییە حزبی و کۆمەڵایەتییەکانی هێزە چەکدارەکان دەکەن.
ئەم یاخیبوونە چەکدارییە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای بەیاننامەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی دێت کە تێیدا عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانیان سەرپشک کردبوو بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا. ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە ناوماڵی شیعە بەرەو دابەشبوون دەچێت؛ چونکە بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان ئامادەیی خۆیان بۆ چەکداماڵین نیشانداوە و هێزەکانی "سەرایا سەلام" (سەر بە ڕەوتی سەدر) وەک یەکەمین گرووپ بە فەرمی ئامادەیی خۆیان بۆ ڕادەستکردنی چەک بە حكوومەتی فیدراڵ دەربڕیوە.
لە تەوەرێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا، گرووپی ئەسحاب ئەلکەهف هێڵە سوورەکانی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکان کێشا و هەڕەشەی توندی ئاڕاستەی تەلئەبیب کرد. گرووپەکە ڕایگەیاندووە: "لە ئەگەری دەستپێکردنی هەر جۆرە هێرشێکی بەرفراوانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر باشووری شاری بەیرووتی پایتەختی لوبنان، ئەوا بە توندی و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ شاری ئیلات و بەندەرە ستراتیژییەکەی لە ئیسرائیل دەکەینە ئامانجی هێرشە مووچەکی و درۆنییەکانمان."
ئەم پەرەسەندنە ئەمنییە نوێیە نیشانیدەدات کە سەرەڕای هەوڵە خێراکانی حكوومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی بڕیاری شەڕ و ئاشتی و دوورخستنەوەی مەترسیی هێرشەکان لەسەر وڵاتانی دراوسێ، هێشتا لایەنە توندڕەوەکان دەیانەوێت پڕۆسە دیپلۆماسییەکان پەکبخەن و عێراق لە ناو جەرگەی ململانێ هەرێمییەکاندا بهێڵنەوە.