هەرێم نیوز
چوارچێوەی هەماهەنگی لە وەرچەرخانێکی سیاسیی نوێدا، پاڵپشتیی خۆی بۆ پڕۆژەی کۆکردنەوەی چەک ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنها لە دەسەڵاتی دامەزراوە فەرمییەکاندایە، هاوکات عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانیشی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات سەرپشک کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە (٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، سەرکردایەتیی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بارەی کۆبوونەوەی شەوی ڕابردوویەوە بەیاننامەیەکی فەرمیی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بڕیاری شەڕ و ئاشتی بڕیارێکی نیشتمانیی سەروەرییە کە تەنها تایبەتە بە گەلی عێراق لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانیانەوە، کە خۆی تەنها لە ئەنجومەنی نوێنەران (پەرلەمان) و حكوومەتی هەڵبژێردراودا دەبینێتەوە. هەر کار و بڕیارێکیش لە دەرەوەی ئەم چوارچێوە فەرمییە، بە پێشێلکردنی ڕوونی یاسا و بنەماکانی دەوڵەتی دەستووری دادەنرێت."
چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەنگاوێکی کتوپڕدا، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی سەرپشک کرد بۆ ئەوەی سەرجەم بڕیار و ڕێوشوێنە پێویستەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق لەم قۆناغە هەستیارەدا بگرێتەبەر.
کۆکردنەوەی چەک و بڕینی پەیوەندیی حزبیی حەشدی شەعبی
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی تیشکیان خستووەتە سەر دۆسیەی چەک و پێگەی هێزە چەکدارەکان و ڕایانگەیاندووە: "لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی، بە تەواوی پشتیوانیی پڕۆژەی کۆکردنەوەی چەک دەکەین. هاوکات بڕیاردرا بە پچڕاندنی تەواوی پەیوەندییەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەگەڵ هەموو چوارچێوە سیاسی، حزبی و کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەمەش لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و لە پێناو جێبەجێکردنی ڕێنماییە فەرمییەکانی مەرجەعی باڵای ئایینی (عەلی سیستانی)."
بەیاننامەکە دووپاتی کردووەتەوە کە دەبێت حەشدی شەعبی وەک دامەزراوەیەکی ئەمنی و فەرمیی سەر بە دەوڵەت بمێنێتەوە کە بە تەواوی پابەندی دەستوور، یاسا کارپێکراوەکان و فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بێت، و تەنها لە چوارچێوەی یاسایی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ئەرکەکانی خۆی ڕاپەڕێنێت.
ئەم بڕیارە نوێیانەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتێکدایە کە فشارە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر بەغدا چڕبوونەتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکان و ڕێگریکردن لە هەر چالاکییەکی سەربازیی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت.