دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

پۆلیسی هەولێر چوار تۆمەتباری ڕووداوەکەی کۆڕێی دەستگیرکرد کە ببووە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵێکی ٤ ساڵان

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە فەرمی دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوێکی تەقەکردنی لە شارەدێی کۆڕێ ڕاگەیاند، کە بەهۆی کێشەیەکی پێشوەختەوە تەقە لە ئۆتۆمبێلێک کرابوو و لە ئەنجامدا منداڵێکی تەمەن چوار ساڵان گیانی لەدەستدابوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی پۆلیسی هەولێر، کاتژمێر ١١ی شەوی دووشەممە (٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، ڕووداوێکی شەڕکردن و تەقەکردن لە نێوان دوو لایەن لە ناو بازاڕی شارەدێی کۆڕێ سەر بە قەزای پیرمام ڕوویدا. دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ دۆسیەکە کردەوە.

لە ئەنجامی شەڕە تەقەکەوە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا لاندکروز - ڕەنگی ڕەش) زیاتر لە ٨ فیشەکی بەرکەوت؛ بەداخەوە منداڵێک بەناوی (ڕۆژین محەمەد عەبدولڕەحمان) کە تەمەنی تەنها ٤ ساڵ بوو و لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوو، فیشەکێک بەر قۆڵی لای ڕاستی کەوت و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

پۆلیسی هەولێر ئاشکرای کردووە، کە بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە کێشەکە ڕۆژێک پێشتر و لە کاتی یارییەکی تۆپی پێدا لە ناو یاریگای کۆڕێ لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا دروستبووە، بەبێ ئەوەی لەو کاتەدا هیچ کام لە لایەنەکان سکاڵای فەرمی لەلای پۆلیس تۆمار بکەن، پاشان شەوی دواتر لە بازاڕی کۆڕێ دووبارە ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە و تەقەیان لە یەک کردوە.

هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر توانیان لە ماوەیەکی کەمدا ناسنامەی سەرجەم لایەنە شەڕکەرەکان دەستنیشان بکەن و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی پیرمام، هەر چوار تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکە دەستگیر بکەن کە پێکهاتوون لە:
١. (م. ف . ک. ح)
٢. (ف. ک. ح)
٣. (ش. ج. ح)
٤. (ج. ج. ش)

پۆلیسی هەولێر جەختی کردووەتەوە کە لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی (کوشتنی بەئەنقەست) ڕاگیراون و تەواوی ڕێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر بۆ هێنانەدی سەروەریی یاسا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP