هەرێم نیوز
ماڵپەڕێکی تەندروستیی جیهانی، ڕاپۆرتێکی لەسەر سوودەکانی زەردەچەوە و پێکهاتە چالاکەکەی بڵاوکردەوە، کە وەک چارەسەرێکی سروشتی و کاریگەر بۆ ١٠ نەخۆشی و حاڵەتی تەندروستیی جیاواز، لەوانەش شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ و ئازاری جومگەکان بەکاردەهێنرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی 4ـی 2026، ماڵپەڕی 'هێڵس'ـی تایبەت بە هەواڵە تەندروستییەکان بڵاویکردەوە، زەردەچەوە کە بۆ چەندین سەدەیە لە پزیشکیی نەریتیی چینیدا بەکاردەهێنرێت، لە ئێستادا تەنیا لە چوارچێوەی چێشتخانەکاندا نەماوەتەوە و وەک تەواوکەرێکی خۆراکیی گرنگ سوودی لێ دەبینرێت.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پێکهاتەی 'کورکومین' (Curcumin) کە ماددەی چالاکی ناو زەردەچەوەیە، دژە هەوکردن و دژە ئۆکسانێکی بەهێزە. ڕایگەیاند، ئەم پێکهاتەیە بە شێوەیەکی بەرچاو هەوکردن و ئازاری جومگەکان کەم دەکاتەوە و تەندروستیی دڵ لە ڕێگەی باشترکردنی لوولەکانی خوێن و دابەزاندنی کۆلیسترۆڵی زیانبەخشەوە دەپارێزێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، زەردەچەوە دەبێتە هۆی پاراستنی خانەکانی مێشک و خاوکردنەوەی تێکچوونی دەمارەکان لە نەخۆشییەکانی وەک ئەلزەهایمەر و پارکینسۆن.
هەروەها ڕۆڵی هەیە لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشیی هەوکردنی ڕیخۆڵە (IBD) و باشترکردنی مەزاج بۆ تووشبووانی خەمۆکی، لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی هەستیاری و نەخۆشییە پێستییەکانی وەک ئەکزیما و سەدەف.
سەبارەت بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، ماڵپەڕەکە بڵاویکردەوە، زەردەچەوە گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان خاو دەکاتەوە و کاریگەریی چارەسەرە کیمیایی و تیشکییەکان زیاد دەکات.
هەروەها یارمەتیدەرە لە ڕێکخستنی شەکری خوێن بۆ تووشبووانی شەکرەی جۆری دووەم، و هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە و نیشانەکانی وەک کۆکە کەم دەکاتەوە.