دواین هەواڵ

عێراق‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

چوارچێوەی هەماهەنگی 95%ـی پۆستەکانی یەکلایی کردووەتەوە و زەیدیش وەزیری دارایی دیاری دەکات

هەرێم نیوز

سەرچاوە میدیاییەکان ئاشکرایان کرد، چوارچێوەی هەماهەنگی بە ڕێژەی ٩٥٪ لەسەر دابەشکردنی وەزارەتەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، کە تێیدا وەزارەتی ناوخۆ بۆ هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و وەزارەتی نەوتیش بۆ هاوپەیمانێتییەکەی محەمەد شیاع سوودانی یەکلایی بووەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی 5ـی 2026، سەرچاوەیەکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیاکانی ڕاگەیاند، لایەنەکانی ناو چوارچێوەکە بە ڕێژەی ٩٥٪ لەسەر دابەشکردنی وەزارەتەکانی کابینەی نوێی حکومەت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و تەنیا ٥٪ـی کارەکانیان ماوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بۆ هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی یەکلایی بووەتەوە و کەسێک لەو هاوپەیمانییە دەبێتە وەزیری ناوخۆ، هەروەها پۆستی وەزارەتی نەوتیش تاوەکو ئێستا بەتەواوی یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ هاوپەیمانێتییەکەی محەمەد شیاع سوودانی دەبێت.

سەبارەت بە وەزارەتی دارایی، سەرچاوەکە ئەوەی خستەڕوو کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە سەرپشک کراوە بۆ ئەوەی خۆی کەسێک بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێرێت.

هاوکات باسی لەوەش کرد، کە لایەنەکان بۆ هەر وەزارەتێک سێ ناویان داوەتە زەیدی بۆ ئەوەی یەکێکیان دەستنیشان بکات، بەڵام پێشوەختە نیەتی خۆیان پێڕاگەیاندووە کە لەگەڵ کام کاندیددان.

لە لایەکی دیکەوە و سەبارەت بە پشکی پێکهاتەی سوننە، سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە تا ڕادەیەک پۆستی وەزارەتی بەرگری بۆ هاوپەیمانیی عەزم یەکلایی بووەتەوە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، ڕۆژی (27ـی 4ـی 2026)، سەرۆککۆماری عێراق بە مەرسوومێکی کۆماری عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپارد، کە بەپێی دەستوور تەنیا ٣٠ ڕۆژی لەبەردەمدایە.

 هەرچەندە زەیدی لە (7ـی 5ـی 2026) کارنامەی حکومەتەکەی ڕادەستی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کرد و بڕیار بوو ئەم هەفتەیە کابینەکەی پێشکەش بکات، بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتنی کۆتایی لایەنەکانەوە، پێدەچێت پرۆسەکە ڕوو لە دواکەوتن بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP