هەرێم نیوز
بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە بوونی بنکەیەکی سەربازیی نهێنیی ئیسرائیل لە قووڵایی بیابانی نەجەف (١٧٠ کیلۆمەتر باشووری ڕۆژئاوای بەغداد)، قەیرانێکی گەورەی ناوخۆیی و هەرێمیی بۆ عێراق دروستکردووە. لە کاتێکدا ئێران بە فەرمی هاتە ناو بابەتەکەوە، لێدوانی بەرپرسانی عێراق تەواو دژبەیەک و سەرلێشێوێنەرن.
پەیامەکەی تاران: هەموو ئەگەرێک کراوەیە
دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان، ئێران بە خێرایی کاردانەوەی نیشاندا. ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: "ئێمە هیچ ئەگەرێک سەبارەت بە جوڵەکانی قەوارەی زایۆنی لە ناوچەکەدا بەدوور نازانین. دەبێت هەموو شتێک بەوپەڕی هەندەوە وەربگیرێت، ئەمە پرسێکی زۆر گرنگە و بە دڵنیاییەوە لەگەڵ لایەنی عێراقی تاوتوێی دەکەین."
ڕاپۆرتەکەی (WSJ) و سێ گێڕانەوەی دژبەیەکی عێراقی
ئەم قەیرانە دوای ئەوە سەریهەڵدا کە ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جورناڵ"ی ئەمریکی ئاشکرای کرد کە ئیسرائیل بنکەیەکی نهێنی لە بیابانی عێراق دروستکردووە بۆ پشتیوانی هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ئێران (کە لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ دەستی پێکرد). ڕۆژنامەکە دەڵێت ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر هێزێکی عێراقی کە لە سەرەتای جەنگەکەدا نزیک ببوونەوە لە ئاشکراکردنی بنکەکە.
لەسەر ئەم ڕووداوە، بەرپرسانی بەغداد سێ گێڕانەوەی تەواو جیاوازیان خستووەتە ڕوو:
١. گێڕانەوەی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی: سەعد مەعن، بەرپرسی شانەکە، بوونی هەر بنکەیەک و دابەزینێکی ئاسمانی نوێی ڕەتکردەوە. ئەو وتی ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ٥ی ئازاری ٢٠٢٦، کاتێک هێزێکی عێراقی ڕووبەڕووی "گرووپێکی نەناسراو و بێمۆڵەت" بوونەتەوە و بەهۆیەوە سەربازێکی عێراقی کوژراوە و دووانی تریش بریندار بوون. مەعن دەڵێت لە پشکنینەکانی ئەم دواییەدا هیچ شوێنەوارێکی ئەو هێزە نەدۆزراوەتەوە.
٢. گێڕانەوەی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران: حسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری محەمەد شیاع سوودانی (سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر)، چیرۆکێکی تری بۆ کەناڵی "عەرەبیە" باسکرد. بە وتەی ئەو، ڕووداوەکە تەنها ئۆپەراسیۆنێکی دابەزینی ئاسمانی بووە بۆ هەڵگرتنەوەی تەنێک کە لە ئاسمانەوە کەوتبووە خوارەوە. عەلاوی دەڵێت "شوانێک" زانیاریی بە هێزە عێراقییەکان داوە و ئەوانیش چوونەتە شوێنەکە و پرۆسەکەیان تێکداوە. ئەو بەتەواوی بوونی بنکەی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە.
٣. گێڕانەوەی پەرلەمانی عێراق: لەبەرامبەردا، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان دۆخەکە زۆر بە مەترسیدارتر دەبینێت. کەریم عەلیوی محەمەداوی، ئەندامی لیژنەکە، ئاشکرای کرد کە زانیارییان هەیە (لە ڕێگەی جووتیارێکەوە) لەسەر جوڵەی هێزە بیانییەکان لە سنووری نێوان کەربەلا و ئەنبار.
پەرلەمان فەرماندەکان بانگهێشت دەکات
محەمەداوی جەختی لەوە کردەوە کە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن هەوڵێک هەیە بۆ بەکارهێنانی ئەو ناوچانە وەک "خاڵی پاڵپشتی" بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لە ڕێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.
لە ئێستادا لیژنەی ئاسایش و بەرگری سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ بانگهێشتکردنی فەرماندە باڵاکانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەم "پێشێلکارییە سەروەرییانە" بکەن و ڕێگە نەدەن خاکی عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمییەکان و لێدانی وڵاتانی دراوسێ.