هەرێم نیوز
تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی (هانتا) و چەند رێکارێکی پێویست بۆ رێگریکردن لە تووشبوون بەو ڤایرۆسە بڵاو دەکاتەوە، دوای ئەوەی لەسەر کەشتییەکی گەشتیاری چەندین حاڵەتی گیانلەدەستدان و تووشبوون تۆمار کران.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی (هانتا) لەسەر کەشتیی گەشتیاری (MV Hondius) كە بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری تەندروستی، بەتایبەت دوای ئەوەی گەیشتە ئاستی تۆمارکردنی حاڵەتی مردن.
هەرچەندە ڤایرۆسی هانتا بە شێوەیەکی گشتی لە رێگەی قرتێنەرە تووشبووەکانەوە (وەک مشک) دەگوازرێتەوە، بەڵام ئەو جۆرەی لەسەر کەشتییەکە دۆزراوەتەوە، پێشتر حاڵەتی دەگمەنی گواستنەوەی لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ لێ تۆمار کراوە، ئەوەش وایکردووە دەسەڵاتە تەندروستییەکان رێکارەکانی خۆپارێزیی توندتر بکەن.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی روونیکردووەتەوە کە زۆربەی کات تووشبوون لە رێگەی بەرکەوتن لەگەڵ میز، پاشەڕۆ، یان لیکی قرتێنەرە تووشبووەکانەوە دەبێت، بەتایبەتی لەو شوێنانەی هەواگۆڕکێیان خراپە، یان ئەو کرێکارانەی لە کێڵگە و دارستانەکاندا کاردەکەن، زیاتر رووبەڕووی مەترسییەکە دەبنەوە.
رێکارە پێشنیارکراوەکانی تەندروستیی جیهانی:
رێکخراوەکە ئامۆژگاریی هاووڵاتییان دەکات کە ئەم 7 هەنگاوە پەیڕەو بکەن:
• پاراستنی پاکوخاوێنیی ماڵ و شوێنی کار.
• داخستنی هەموو ئەو کون و درزانەی کە رێگە بە چوونەژوورەوەی مشک و قرتێنەرەکان دەدەن.
• هەڵگرتنی خواردن بە شێوەیەکی دروست و پارێزراو.
• پەیڕەوکردنی شێوازی سەلامەت بۆ پاککردنەوەی ئەو شوێنانەی گومانی پاشەڕۆی قرتێنەرەکانیان لێ دەکرێت.
• دوورکەوتنەوە لە گسکدان یان مژینی (بە گسکی کارەبایی) پاشەڕۆی وشکی قرتێنەرەکان.
• تەڕکردنی شوێنە پیسبووەکان پێش پاککردنەوەیان (بۆ ئەوەی تەپوتۆزەکەی بڵاو نەبێتەوە).
• بایەخدانی بەردەوام بە پاکوخاوێنیی دەستەکان.
بەپێی ماڵپەڕی (The Mirror)ی بەریتانی كە لەلایەن (RT) رووسی وەرگێڕانی بۆ كراوە، تەندروستیی جیهانی جەخت دەکاتەوە کە گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لەنێوان مرۆڤەکاندا پێویستی بە بەرکەوتنی نزیک و درێژخایەن هەیە کە زۆربەی کات لەنێوان ئەندامانی یەک خێزان، یان هاوبەشە نزیکەکاندا روودەدات لە قۆناغە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکەدا.
نیشانەکانی ڤایرۆسی (هانتا) ڕەنگە بۆ چەند هەفتەیەک دوای بەرکەوتن دەرنەکەون، زۆربەی کات بە نیشانەکانی وەک ئەنفلۆنزا یان نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە دەستپێدەکات، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا نەخۆشییەکە بەخێرایی پەرەدەسێنێت و دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی شلە لە سییەکان، یان تێکچوونی خوێنبەربوون و سستبوونی گورچیلەكان.