دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی ناوخۆ سزایەکی دارایی لەسەر هاوردەکارانی ئۆتۆمبێل هەڵدەگرێت

هەرێم نیوز

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران بەسەر بازاڕ و بژێویی خەڵکەوە، بڕیاری دا بە درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل بۆ ماوەی ساڵێک، و لێخۆشبوون لە سزای دارایی بۆ هاوردەکاران.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی 5ـی 2026، بەپێی فەرمانێکی وەزاریی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ژمارە (١٣٩٣٥) کە لە (13ـی 5ـی 2026) بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە، بڕیارێکی نوێ لە بەرژەوەندیی بازرگانان و خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل دەرکرا.

لە فەرمانەکەدا هاتووە، لەبەر لێکەوتە و کاریگەرییەکانی بارودۆخی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران بەسەر کەسابەت، گوزەرانی خەڵک و جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان، ماوەی تۆمارکردن بۆ ئەو بازرگان، خاوەن کۆمپانیا و پێشانگاکانی بواری هاوردەکردن و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل درێژ کراوەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆ ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەو بڕیارە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پێش جەنگەکە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلیان هاوردە کردووە، بەڵام بەهۆی دۆخی جەنگەکەوە ئۆتۆمبێلەکان لە گەراج و پێشانگاکانیاندا ماونەتەوە و نەیانتوانیوە بیانفرۆشن.

لە کۆتاییدا بڕیار دراوە، لە کاتی دەرچوونی ئەم فەرمانەوە، ماوەی یەک ساڵیان بۆ درێژ بکرێتەوە تاوەکو بتوانن کارەکانی تۆمارکردن ئەنجام بدەن، بەبێ ئەوەی هیچ سزایەکی داراییان بکەوێتە سەر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP