دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

مەزڵوم عەبدی: ئامادەکاری بۆ سەردانی ئەنقەرە دەکەین و دواتر هەسەدە هەڵدەوەشێتەوە

هەرێم نیوز

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوپای سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ سەردانیکردنی ئەنقەرە و ئەگەری کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەیە، هاوکات ئاشکرایشی کرد کە ئامانجی سەرەکییان جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی تێکەڵبوونە لەگەڵ دیمەشق و دوای تەواوبوونی پرۆسەکەش، هەسەدە بەتەواوی هەڵدەوەشێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی 5ـی 2026، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتۆر) وردەکاریی ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ دیمەشق خستە ڕوو. عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا بەردەوامە، لەگەڵ پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان.

مەزڵوم عەبدی ڕوونیشی کردەوە: "بەپێی ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ دیمەشق، هێزەکانی ئاسایش کە ژمارەیان نزیکەی ١٥ هەزار کارمەندە، لە ناوچە زۆرینە کوردییەکان دەمێننەوە و دەخرێنە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، هەروەها پێویستە بەڕێوەبردنی ناوخۆیی ئەو ناوچانەش بەدەست دانیشتووانە ناوخۆییەکانییەوە بێت."

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، فەرماندەی هەسەدە باسی لەوە کرد کە لەپێناو تەرکیزکردنە سەر تەواوکردنی پرۆسەی تێکەڵبوون و بەهێزکردنی یەکڕیزیی کورد، چەند پۆستێکیان ڕەتکردووەتەوە کە لەلایەن دیمەشقەوە پێشنیار کرابوون. جەختیشی لەوە کردەوە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات تا کۆتاییهاتنی پرۆسەی تێکەڵبوونەکە دەمێننەوە و دواتر بەتەواوی هەڵدەوەشێنرێنەوە.

سەبارەت بە مووچە و داهاتیش، ئاشکرای کرد ئەو هێزانەی تێکەڵ کراون، ڕاستەوخۆ مووچەکانیان لە حکومەتی سووریاوە وەردەگرن، لەکاتێکدا بەڕێوەبەریی خۆسەر هێزەکانی دیکە لە ڕێگەی ڕسووماتەکانی سنوور، باج و بەشێک لە داهاتی نەوتەوە پارەدار دەکات.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، عەبدی ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانیان چڕکراوەتەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی تێکەڵبوون، و ئەگەریشی هەیە دوای تەواوکردنی ڕێککەوتنەکان، بانگهێشتنامەکەی سەرۆکی سووریا بۆ سەردانیکردنی ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر نوێ بکرێتەوە.

لە کۆتاییدا فەرماندەی هەسەدە مژدەی ئەوەی دا، کە ڕێککەوتن کراوە بۆ دووبارە کردنەوەی دەروازەی سنووریی نسێبین کە پێشتر بەهۆی ڕووداوێکی حەسەکەوە دواخرابوو، و بڕیارە بەم نزیکانە بکرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP