هەرێم نیوز
هاوشانی گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆجیا، یاریدەدەرەکانی زیرەکیی دەستکرد بە خێرایی دەبنە ئامرازێک بۆ ڕاوێژی پزیشکی، بەڵام پسپۆڕانی تەندروستی جەخت دەکەنەوە کە پێویستە تەنیا وەک هۆکارێکی یارمەتیدەر سەیر بکرێن نەک جێگرەوەی پزیشک.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕاپۆرتە تەکنەلۆجی و پزیشکییەکان ئاشکرایان کردووە کە ملیۆنان بەکارهێنەر لە جیهاندا بۆ لێکدانەوەی نیشانەکانی نەخۆشی، تاقیکردنەوە پزیشکییەکان و بڕیاردان لەسەر جۆری چارەسەر، پەنا دەبەنە بەر چات بۆتەکانی وەک چات جی پی تی، کڵۆد و جێمنای.
هاوکات کۆمپانیا گەورەکانی وەک ئامازۆن و چەندین کۆمپانیای نوێش هاتوونەتە ناو ئەم پێشبڕکێیەوە و تەنانەت لە هەندێک ناوچەی جیهاندا ڕێگە بە ڕۆبۆتەکانی زیرەکیی دەستکرد دراوە کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕەچەتەی دەرمان بۆ نەخۆش نوێ بکەنەوە، کە ئەمەش بەهۆی کەمیی پزیشک و درێژبوونی کاتی چاوەڕوانییە لە نەخۆشخانەکاندا.
لەگەڵ ئەم گەشە خێرایەشدا، پسپۆڕان نیگەرانیی جددییان لەسەر پرسی پاراستنی حەرەمی تایبەتیی بەکارهێنەران هەیە، چونکە ئەو زانیارییە هەستیارانەی نەخۆشەکان تێیدا تۆماری دەکەن، ناکەونە ژێر یاسا توندەکانی پزیشکی و تەنیا بەندە بە سیاسەتی کۆمپانیاکانەوە.
جیا لەوەش، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە جۆری وەڵامەکانی زیرەکیی دەستکرد زۆر جیاوازن، بە جۆرێک هەندێکیان زانیاریی ورد دەدەن بەڵام هەندێکی دیکەیان تووشی پدێدەی 'تەوەهووم' دەبن و سەرچاوە و زانیاریی پزیشکیی تەواو ساختە بەرهەم دەهێنن.
هەروەها دەرکەوتووە کە ئەم سیستمانە زیاتر مەیلیان بەو ئاراستەیەیە کە لەگەڵ بیرکردنەوە و مەترسییەکانی خودی بەکارهێنەرەکەدا بڕۆن و لەبری ڕاستکردنەوەی تێگەیشتنە چەوتەکان، زیاتر جێگیریان دەکەن.
لەم چوارچێوەیەدا، پسپۆڕانی پزیشکی ئامۆژگاریی هاووڵاتییان دەکەن کە زیرەکیی دەستکرد تەنیا بۆ خۆئامادەکردن پێش چوونە لای پزیشک بەکار بهێنن، و هەمیشە داوای سەرچاوە زانستییە باوەڕپێکراوەکان بکەن.
ئەوان جەخت دەکەنەوە کە گەشەکردنی زیرەکیی دەستکرد گۆڕانکاریی قووڵ لە کەرتی تەندروستیدا دروست دەکات و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ئاسان دەکات، بەڵام ئەم تەکنەلۆجیایە هێشتا فاقیدی لێکدانەوەی مرۆیی، بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و ئەو هاوسۆزییە سروشتییەیە کە کۆڵەکەی سەرەکیی پیشەی پزیشکی پێکدەهێنن.