هەرێم نیوز بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سۆران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ قۆناغی دووەمی دابەشکردنی زەوی لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجامدرا و 600 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی قەزای خەلیفاندا دابەش کرا. ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی 6ـی 2026، بە ئامادەبوونی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سۆران، مەغدید عارف ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و حزبی، تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوی ئەنجامدرا. لەو قۆناغەدا، لە کۆی 4,316 کەسی شایستە و سوودمەند لە سنوری شارەوانی خەلیفان، 600 پارچە زەوی لە ڕێگەی تیروپشکەوە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کرا. بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سۆران جەختی کردەوە، لە قۆناغەکانی داهاتوودا ئەو شوێنانەی نەخشەی کەرتیان بۆ ئامادە کراوە و زەوییان لەبەردەستدایە، پرۆسەی دابەشکردنەکە لە سەرجەم شارەوانییەکانی دیکەی سنورەکە بەردەوام دەبێت.
Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP