هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ تاوتوێکردنی خشتەی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەران ئەنجام دراوە و دڵنیایی دەدەن کە فەرمانی پلەبەرزکردنەوە بۆ خشتەکانی ڕابردوو دەگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی 6ـی 2026، بە سەرپەرشتیی لیوای مافپەروەر تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێم بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، وردبینی بۆ ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی تایبەت بە پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەران بۆ خشتەی 14ـی 7ـی 2026 کرا و جەخت لەسەر پەلەکردن لە ڕاپەڕاندنی مامەڵەکان کرایەوە، بەجۆرێک ئەفسەران لە ڕێکەوتی شایستەبوونی خۆیاندا پلەیان بەرز بکرێتەوە.
عەقید کارزان ئەمیر، گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پرۆسەکە کەمێک دواکەوتووە، بەڵام هیچ کێشەیەکی گەورە لەئارادا نییە و پاش گەڕانەوەی فەرمانی سەرۆکی هەرێم بۆ ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ ڕێکارە کردەییەکان دەست پێ دەکات.
وتەبێژی پۆلیس مەرجەکانی پلەبەرزکردنەوەی ڕوون کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە ئەفسەران لە پشکنینی چاو و تاقیکردنەوەی تایبەت دەربچن و کێشیان لە ئاستی دیاریکراودا بێت.
هەروەها بۆ ئەفسەرانی پلەی سەرووی عەقید، مەرجی پێشکەشکردنی توێژینەوەی زانستی و گفتوگۆکردن لەسەری هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی هەموارکراوی ڕێنووسی وەزارەتی ناوخۆ لە 24ـی 7ـی 2024، مەرجە بۆ ئەفسەرانی پلەی عەقید کە بۆ پلەی عەمید بەرز دەکرێنەوە، پۆستی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی یان بەڕێوەبەری بەشیان هەبێت.