هەرێم نیوز
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران بەرهەمدار بوون و تاران بۆ یەکەمجار ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بانگهێشتکردنی پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ ناو خاکی ئێران، کە بە "گامێکی زۆر گرنگ" وەسفی کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی 6ـی 2026، ڤانس لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژی ڕابردوو ڕۆژێکی زۆر باش بووە و ئەوان توانیویانە لە دانوستانەکاندا بەو ئامانجانە بگەن کە دایاننابوو.
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە، ئەوان میکانیزمێکیان بۆ بە کراوەیی هێشتنەوەی گەرووی هورمز داڕشتووە، کە ئێستا گەرووەکە بە تەواوی کراوەیە.
ڤانس بە توندی هۆشداری بە تاران دا و وتی: "کاتێک ئێران قسەی نەگونجاو دەکات، ناتوانێت چاوەڕێی وەڵام نەدانەوەی سەرۆکی ئەمەریکا بکات."
لەبارەی دۆخی لوبنانەوە، جەی دی ڤانس دووپاتی کردەوە کە پاراستنی سەروەریی لوبنان و کەمکردنەوەی گرژییەکان پێویستی بەوەیە ئێران حزبۆڵا کۆنترۆڵ بکات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئاشتی لە ناوچەکە بەدی نەیەت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هێشتا چەندین بژاردەی دیکەی لەبەردەستدایە.
ڤانس سەبارەت بە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبۆڵا وتی، مەبەستی ئەوان لە دانوستانەکان دروستکردنی هماهنگییە بۆ ئەوەی لە هەر حاڵەتێکی پێکداداندا، گفتوگۆکان بەردەوام بن بۆ ڕاگرتنی ڕاستەوخۆی شەڕ و توندوتیژی.