هەرێم نیوز
لە پێناو چارەسەركردنی كێشەی كەمیی بەنزین و كۆنترۆڵكردنی نرخەكەی لە بازاڕەکاندا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی بۆ ئاسانکاریی هاوردەکردنی سووتەمەنی دەرکرد.
بڕیارەکە بۆ ئاسایشی گشتی نێردراوە
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە نووسراوێکدا کە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی کردووە، ڕێگەی داوە بە هاوردەکردنی بەنزین بۆ ناو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. بڕیارەکە بە ئامانجی ئەوە دەرکراوە کە کێشەی كەمیی سووتەمەنی لە بازاڕەکاندا چارەسەر بکرێت و فشاری سەر هاووڵاتییان کەم بکرێتەوە.
ئاسانکاری لە بازگەکان و پابەندبوون بە کوالێتی
بەپێی بڕیارەکە، پێویستە لە سەرجەم بازگەکاندا بەشێوەیەکی بەردەوام و خێرا ئاسانکاری بۆ ئەو تانکەرانە بکرێت کە بەنزین هاوردە دەکەن، بۆ ئەوەی هیچ بەربەستێک بۆ گەیشتنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکان دروست نەبێت.
هاوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەنزینە هاوردەکراوەکان دەبێت پابەندی مەرج و کوالێتیی دیاریکراوی وەزارەت بن. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە، دابینکردنی پێداویستیی بازاڕەکان و کەمکردنەوەی نرخەکانە، بەجۆرێک بتوانرێت بە نرخێکی گونجاو بەنزین بۆ شۆفێران دابین بکرێت و هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕوودا دروست ببێت.