هەرێم نیوز
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند ڕێنماییەکی نوێ بۆ هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناکی بڵاودەکاتەوە و تێیدا کاتی دیاریکراو بۆ پاکتاوکردنی قەرزەکان ڕادەگەیەنێت، بە پێچەوانەشەوە سیستەمەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کارەبای سەرپێچیکاران دەبڕێت.
مۆڵەتی ٥٠ ڕۆژ و پچڕانی ئۆتۆماتیکیی کارەبا
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ سەرجەم هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناکی ماوەی ٥٠ ڕۆژ دیاریکراوە بۆ دانی پارەی پسوولەکانیان. ئەم ماوەیەش لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە پسوولەی کارەبای هاوبەش لە سەکۆی پارەدانی دیجیتاڵیی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ئی-پسوولە) دەردەکەوێت.
بەپێی ڕێنماییەکان، ئەو هاوبەشانەی لە ماوەی ئەم ٥٠ ڕۆژەدا پارەی پسوولەکانیان نەدەن، سیستەمەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کارەباکەیان دەپچڕێنێت و تاوەکو تەواوی بڕی قەرزەکە نەدەنەوە، کارەبایان بۆ ناگەڕێتەوە. دوای دانی پارەکەش لە ڕێگەی (ئی-پسوولە) کە خێراترین ڕێگەیە، لە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا کارەباکە چالاک دەبێتەوە. وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم ڕێکارە مێژووەکەی بۆ ڕێنماییەکانی ساڵی ٢٠١٩ دەگەڕێتەوە و ئێستا خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دادپەروەری لە دابەشکردنی وزە و قەرزە کۆنەکان
وەزارەتی کارەبا ڕوونی دەکاتەوە کە زۆربەی هاوبەشان لە کاتی خۆیدا پارە دەدەن، بەڵام بەشێکی کەم بە ڕێژەیەکی زۆر کارەبا بەکاردەهێنن بەبێ ئەوەی پارەکەی بدەن، ئەمەش نادادپەروەری بەرامبەر پابەندبووان دروست دەکات و بارگرانی دەخاتە سەر توانای وەزارەت بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری.
هاوکت وەزارەت داوا دەکات هاوبەشان قەرزە کۆنەکانی پێش پڕۆژەی ڕووناکیش بدەنەوە، چونکە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو قەرزانەش دەخرێنە ناو سیستەمی بڕینی ئۆتۆماتیکییەوە. ئەم ڕێوشوێنانە وا دەکات پڕۆژەی ڕووناکی سەرکەوتووتر بێت، کە تێیدا زیاتر لە ٨٠٪ی هاوبەشانی ماڵان پارەیەکی زۆر کەمتر لە مۆلیدەی ئەهلی دەدەن و لە کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێریی بێدەنگ و پاک سوودمەند دەبن.
چۆنیەتی خۆتۆمارکردن بۆ وەرگرتنی کورتەنامەی ئاگادارکردنەوە
بۆ ئەوەی هاوبەشان لە کاتی خۆیدا پسوولە نوێیەکانیان بە کورتەنامە پێبگات و کارەبایان نەپچڕێت، وەزارەت داوا دەکات لە ڕێگەی ئەم چوار ڕێگەیەوە خۆیان تۆمار بکەن:
سەردانیکردنی ماڵپەڕی فەرمیی پڕۆژەی ڕووناکی لە ڕێگەی ناونیشانی: runaki.gov.krd و پڕکردنەوەی فۆڕمی تایبەت.
سکانکردنی "کیو ئاڕ کۆد"ی (QR Code) سەر پسوولەی کارەبا و پڕکردنەوەی فۆڕمەکە.
پەیوەندیکردن بە سەنتەری خزمەتگوزاریی پڕۆژەی ڕووناکی لە ڕێگەی هێڵی گەرمی ژمارە 1992.
سەردانیکردنی ڕاستەوخۆی نزیکترین هۆبەی فرۆشیاریی وزە لە ناوچەکەیان.