هەرێم نیوز
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە شەڕێکی جەوهەری و وجودیدایە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، و جەختی لەوەش کردەوە کە ئامانجی ئەو شەڕە نەک تەنها ڕووخاندنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بەڵکو دابەشکردن و پارچەپارچەکردنی خاکی ئێرانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی 7ـی 2026، میدیاکانی ئێران لە زاری محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە بڵاویانکردەوە، تاران لەگەڵ واشنتۆن لە شەڕێکی وجودی و هەمەلایەنەدایە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە تەنها ئامانجی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکو دابەشکردنی خاکی ئێران دەکاتە ئامانج.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، ئەمریکا هەر کاتێک دەرفەتی بۆ بڕەخسێت و بەرژەوەندییەکانی بخوازێت، هەوڵی لێدانی ئێران دەدات.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم سیاسەتەی واشنتۆن تەنها لە شەڕی ئێستا، دانوستانەکان، یان لە سەرۆکێکی دیاریکراودا سنووردار نییە، بەڵکو ستراتیژیەتێکی جێگیری ئەمریکایە بەرامبەر بە ئێران.