هەرێم نیوز
دادگای لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی دژی گەندەڵی ناوەندی لە بەغدا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری دەستبەسەرکراوی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوفتن، دەست بەسەر زیاتر لە 25 ملیار دیناردا گیراوە کە لە شوێنی جیاوازدا حەشار درابوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی 7ـی 2026، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگاکە ڕوونی کردەوە کە لە درێژەی بەدواداچوونەکان بۆ دۆسێی ناوبراو، بڕی 25 ملیار دیناری عێراقی، 200 هەزار دۆلاری ئەمریکی، لەگەڵ 4 کیلۆگرام زێڕی نەخشێنراو دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەپێی زانیارییەکانی دادگا، بەشێک لەم پارە و سامانە دەستبەسەرداگیراوە لە لایەن چەند کەسێکەوە داڵدە درابوو، و بەشەکەی تریشی لە ناو دیواری چەند خانویەکدا بە شاراوەیی دۆزراوەتەوە.
دادگای بەغدا جەختی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان لەم کەیسەدا بەردەوامن بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ تەواوی ئەو سامانەی لە ڕێگەی تاوانەکەوە بەدەست هاتووە و دەستگیرکردنی سەرجەم ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون.