هەرێم نیوز
لەنێو مزگەوتی تەقوا لە قەزای کەلار، بەهۆی دەستڕێژی گوولەوە هاووڵاتییەک بەسەختی بریندار بوو و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی 7ـی 2026، عەقیدی پۆلیس سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، ئەمشەو لەنێو مزگەوتی تەقوا لە قەزای کەلار تەقە لە هاووڵاتییەک کراوە بەناوی (کەرەم ئیبراهیم ڕەمەزان)، لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٣، کە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار گیانی لەدەستداوە.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ڕووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە و تۆمەتباری ڕووداوەکە ناسراوە.
لە ئێستادا مەفرەزە و لێکۆڵەرانی پۆلیس چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە، هاوكات هێزەکانی پۆلیس لە هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری و دەستگیرکردنی ئەنجامدەری تاوانەکەدان.