دواین هەواڵ

کوردستان‌

 59 خولەک پێش ئێستا

بەهۆی خراپیی کوالێتیی بەنزینەوە ٢٠ بەنزینخانە لە هەولێر داخران

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانیان بۆ چاودێریکردنی بازاڕ و جۆری سووتەمەنی، ٢٠ بەنزینخانەیان لە ناوەندی شاری هەولێر داخستووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی 7ـی 2026، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بڕیاری داخستنی ئەو بەنزینخانانە دوای ئەوە هاتووە کە پشکنینەکان دەریانخستووە بەنزینی کوالێتی خراپ و ناتەندروستیان بە هاووڵاتییان فرۆشتووە، کە ئەوەش پێچەوانەی ڕێنمایی و ستانداردە دیاریکراوەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە.

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ڕێکارە یاساییانە لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە فێڵێکی بازرگانی ئەنجام دراون.

 جەختیشی کردەوە کە تیمەکانی پشکنین لە بەدواداچوونەکانیان بەردەوام دەبن و ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر خاوەن بەنزینخانەیەک دەگرنە بەر کە پابەندی مەرجەکانی کوالێتی نەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP