دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ترەمپ هۆشداری دەداتە تاران لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن؛ ژێرخانی وزەی ئێران پەک دەخەین

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا هۆشداریی توند دەداتە ئێران و ڕایدەگەیەنێت، توانای ئەوەیان هەیە لە ماوەیەکی پێوانەییدا ژێرخانی ئەو وڵاتە لەناو ببەن، هاوکات ڕەخنەی توندیش ئاراستەی بنیامین نەتانیاهۆ دەکات و بە تێوەگلانی ئەمریکا لە ململانێکان تۆمەتباری دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ کەناڵی (فۆکس نیوز) ڕایگەیاند، هەرچەندە بەشێک لە کۆمارییەکان داوای هێرشی توندتر بۆ سەر ئێران دەکەن، بەڵام ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی تاران بێتە پێشەوە و ڕێککەوتن بکات. 

ترەمپ هۆشداریی دا ئەگەر ئێران نەگاتە ڕێککەوتن، ئەوا پرۆسەکە بە تەواوی کۆتایی پێ دەهێنن؛ جەختیشی کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا دەتوانن لە کەمتر لە دوو کاتژمێردا زۆربەی پردە سەرەکییەکانی ئێران و لە یەک ڕۆژیشدا سەرجەم وێستگەکانی کارەبا پەک بخەن، کە دروستکردنەوەیان دەیان ساڵی پێویستە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ڕوونی کردەوە کە بە ئەنقەست خۆیان لە بەئامانجگرتنی وێستگەکانی شیرینکردنی ئاو و ژێرخانی خزمەتگوزاریی گشتی دەپارێزن بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ زیان بە 91 ملیۆن هاووڵاتیی ئێرانی نەگات.

وتیشی: "داواکاریی سەرەکیی ئێمە زۆر سادەیە؛ نابێت ئێران چەکی ئەتۆمیی هەبێت."

 ئاشکراشی کرد کە لایەنی ئێرانی بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەو مەرجە ڕازی بووە و تەنها پێویستی بە بەفەرمیکردن ماوە.

سەبارەت بە هەڵوێستەکانی ئیسرائیل، سەرۆکی ئەمریکا بە توندی ڕەخنەی لە بنیامین نەتانیاهۆ گرت و ڕایگەیاند، نەتانیاهۆ دەیەوێت بەردەوام ئەمریکا لە پرسەکاندا تێوە بگلێنێت و زانیارییەکان بۆ جیهان ئاشکرا دەکات لەبری ئەوەی ڕاستەوخۆ بە واشنتنی بڵێت.

 ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد: "بەهۆی هێزی بۆشایی ئاسمانەوە، ئەمریکا باشترین کامێرای چاودێریی لە جیهاندا هەیە و دەزانین چی ڕوودەدات، بۆیە پێویست ناکات بیبی پێم بڵێت."

 لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کرد کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان لەناو بردووە و ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، ئامانجەکانی دیکەش بە ئاسانی لەناو دەبەن، ئەم لێدوانانەش لە کاتێکدان کە بە فەرمیی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ڕاگیراون وەک دەرفەتێک بۆ دانوستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP