دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییان کە قەیرانەکان بەرەو چارەسەر دەڕۆن و ئەم دۆخەش تێدەپەڕێت

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەکاتەوە و دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کە قەیرانە ئابوورییەکان کاتیین و بەرەو چارەسەر دەڕۆن.

چارەسەری ئاشتییانە و کاریگەریی داخستنی گەرووی هورمز
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کۆتاییان نەهاتووە و ترس و دڵەڕاوکێی بۆ هەموو لایەک دروست کردووە، ئێمە وەک هەرێمی کوردستان لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانە و کۆتاییهاتنی تەواوەتیی ئاڵۆزییەکانین."

سەرۆکی حکومەت وتیشی: "سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم و دەزانم هەرێمی کوردستان بووەتە بەشێک لەو قەیرانانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، بەڵام من دڵنیام بەم زوانە ئەم قەیرانانەش کۆتاییان دێت."

دەربارەی بارودۆخی ئابووریی ناوچەکە و عێراق، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە داخستنی گەرووی هورمز قەیرانێکی گەورەی ئابووریی لە ناوچەکەدا دروست کردووە و جەختی کردەوە: "ئامادەین هەموو هاوکارییەکی حکومەتی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بژمێرین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەم دۆخە."

پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و پرسی مووچە
پەیوەست بە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و پابەندییە داراییەکان، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕوونی کردەوە: "هەموو پابەندییەکانمان بەرامبەر بە حکومەتی فیدراڵی لەبارەی مووچە جێبەجێ کردووە، بەڵام دۆخی ناوچەکە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بۆیە داوا دەکەین بەغدا پێداچوونەوە بە بڕیاری پێشووی ڕادەستکردنی ١٢٠ ملیار دینارەکە بکات."

دەربارەی ماف و شایستەی دارایی مووچەخۆرانیش، مەسرور بارزانی دڵنیایی دایە خەڵک و وتی: "ئەوەی ئێمە ئارەزووی دەکەین شتێکە و ئەوەی دەتوانین شتێکی دیکەیە، بەڵام دڵنیایی دەدمە خەڵکی کوردستان کە مافەکانیان پارێزراوە و ئەگەر مووچەکانیان دواش بکەوێت، ڕێگە نادەین فەوت بکات."

پشکی سووتەمەنی و کاراکردنەوەی پەرلەمان
پەیوەست بە پشکی نەوت و سووتەمەنیی هەرێم لە لایەن بەغداوە، سەرۆکی حکومەت ئاشکرای کرد: "ئێمە داوامان لە بەغدا کردووە پشکی هەرێمی کوردستان لە سووتەمەنی دابین بکات. ئێستا ڕۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆ دابین دەکرێت و داوا دەکەین ٧٠ هەزار بەرمیلەکەی دیکەش لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە وەک پشکی شایستەی هەرێم دابین بپڕدرێتەوە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە و هەنگاوی کرداری بەرەو پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بنێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP