هەرێم نیوز
لەسەر داواکاریی ڕاستەوخۆی شاندێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕەزامەندیی سەرەتایی نیشان دا لەسەر زیادکردنی پشکی نەوتی خاو بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ڕەوانەکردنی بۆ پاڵاوگەکان و چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین.
وردەکاریی کۆبوونەوەکە و پێشنیازی پارتی
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢٦، شاندێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی د. فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەردانی وەزارەتی نەوتیان کرد و لەگەڵ وەزیری نەوت بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی سووتەمەنی و بەنزین کۆبوونەوە.
دانەر عەبدولغەفار، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا داوامان کرد ئەو بڕە نەوتەی بۆ بەرهەمی ناوخۆ و بەررهەمهێنانی بەنزین بەکاردێت و ئێستا ٥٠ هەزار بەرمیلە، زیاتربکرێت و پشکی ١٤٪ بدرێتە هەرێمی کوردستان کە دەکاتە ١٤٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە. وەزیری نەوتی عێراق ڕەزامەندی لەسەر پێشنیازەکە دەربڕی بەمەرجێک سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەزامەندیی کۆتایی لەسەر بدات."
دانەر عەبدولغەفار ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی نەوت ڕوونیان کردووەتەوە لەم کاتەدا ناتوانن ڕاستەوخۆ بەرهەمی نەوت و سووتەمەنیی زیاتر بنێرن، چونکە بەشێکی زۆری پاڵاوگەکانیان وەستاون، بەڵام هاوکار دەبن بۆ زیادکردنی بەشە نەوتی خاوی هەرێم.
دادپەروەری لە دابەشکردنی سووتەمەنی و پرسی غاز
لە لایەکی دیکەوە، سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین لە ناوخۆدا بەکاردەهێنێت و ئەو بڕەی بۆ هەرێم دیاریکراوە زۆر کەمه.
وتیشی: "داوامان کرد بە هەر پێوەرێک بێت، چ لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان، چ لەسەر بنەمای ژمارەی ئۆتۆمبێل یان ئەو بەنزینەی دەدرێتە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، هەڵسەنگاندن بۆ پشکی هەرێمی کوردستان بكرێت.
وەزیری نەوت هاوکار بوو، بۆیە بڕیار درا جێگری سەرۆکی پەرلەمان نووسراوێک ئاراستەی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی بکات بۆ بڕیاردانی کۆتایی."
سەبارەت بە پێداویستیی غاز، سیپان شێروانی ئاشکرای کرد کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان داوای ٧٠٠ تۆن غازی ڕۆژانەی کردووە، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق تەنیا ڕەزامەندی لەسەر ١٥٠ تۆن دابوو بە بیانووی نەبوونی بڕی پێویست، بەڵام بەڵێنیان داوە لە هەوڵی زیادکردنیدا بن.
دەربارەی هۆکاری جیاوازیی نرخی بەنزین لەنێوان هەرێم و بەغدا، ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز ڕوونی کردەوە، لە یاسای بودجەی سێ ساڵەدا تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم بە ١٦ دۆلار دیاریکراوە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گرانیی بەنزین هەبووە، لە کاتێکدا لە عێراق تێچووەکە زۆر کەمتر هەژمار کراوە.