هەرێم نیوز
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخ و کوالێتیی سووتەمەنی، چوار بڕیاری نوێی لەبارەی دابەشکردن و دیاریکردنی نرخی بەنزین دەرکرد و داواش لە بەغدا دەکات پشکی نەوتی خاوی هەرێم زیاد بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی 7ـی 2026، حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی نوێی لەبارەی دۆخی بەنزین و سووتەمەنی ڕاگەیاند. بەپێی بڕیاری یەکەم، نرخی بەنزینی نۆرمالی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکوومەتەوە بە هەمان نرخی ئێستا بەردەوام دەبێت و بەسەر ئەو بەنزینخانانەدا دابەش دەکرێت کە پابەندن بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ئەوەش لە پێناو کۆنترۆڵکردنی نرخ و جۆریی بەنزینەکە.
لە بڕیاری دووەمدا جەخت کراوەتەوە لەسەر پێداچوونەوە بە نرخی بەنزینی جۆری (سوپەر و محەسەن) بە شێوەیەک کە گونجاو بێت لەگەڵ بازاڕی هەرێمی کوردستان و ڕێگری لە قازانجی ناڕەوا بکرێت، هاوکات ئاسانکاریش بۆ هێنانی ئەو ماددە کیمیاییانە دەکرێت کە لە دروستکردنی ئەو دوو جۆرە بەنزینەدا بەکار دەهێنرێن.
سەبارەت بە بڕیاری سێیەم، حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکوومەتی فیدراڵ کردووە کە ڕێژەی دابینکراوی نەوتی خاو بۆ هەرێمی کوردستان لە 50 هەزار بەرمیلەوە زیاد بکات بۆ 126.7 هەزار بەرمیل ڕۆژانە، بەپێی ڕێژەی 12.67٪ی دانیشتووانی هەرێم کە ئێستا لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە دیاری کراوە. هەروەها لە بڕیاری چوارەمدا بە توندی جەخت لە ڕێگریکردن لە هەر جۆرە قۆرخکارییەک لە بواری سووتەمەنی و بە تایبەتی بەنزیندا کراوەتەوە.