هەرێم نیوز
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەردەوامبوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم بۆ ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتییان پێویستییەکی دەستووری و یاساییە، هاوکات هۆشداریش دەدات لەوەی کە دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێ زیانی گەورەی دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی 7ـی 2026، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەردەوامبوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا، پێویستییەکی دەستووری و یاسایی حاشاهەڵنەگرە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ڕاگرتنی پرۆسەی دادوەری لە دادگای پێداچوونەوەدا زیاتر لە دۆخی پەرلەمان جێی نیگەرانییە، بۆیە جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە دەسەڵاتی دادوەری بە تەواوی لە هەر جۆرە کێبڕکێیەکی حزبایەتی و ململانێیەکی سیاسی دوور بخرێتەوە.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر جۆرە دواکەوتنێک لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زیانێکی گەورە و بەرچاو لە هەموو بوار و ئاستەکاندا بە هەرێم دەگەیەنێت و کاریگەریی نەرێنیی دەبێت.