دواین هەواڵ

جیهان‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

کوێت پشتیوانیی خۆی بۆ سعودیە ڕادەگەیەنێت و سەرکۆنەی هێرشی میلیشیاکانی عێراق دەکات

هەرێم نیوز

دەوڵەتی کوێت بە فەرمی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ شانشینی عەرەبیی سعودیە ڕادەگەیەنێت و جەخت لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەروەریی خاکی ئەو وڵاتە دەکاتەوە.

سەرکۆنەکردنی هێرشی میلیشیاکان
پاش ئەو هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەی کە ئەمریکا و سعودیە کردیانە سەر پێگەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە هەشت پارێزگای عێراق، وەزارەتی دەرەوەی کوێت لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بە توندی سەرکۆنەی بەردەوامیی هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی کرد لە عێراقەوە بۆ سەر خاکی سعودیە.

وەزارەتی دەرەوەی کوێت ئەو ئاڵوگۆڕە سەربازییانەی بە بەڵگەی سووربوونی ئەو گرووپە چەکدارانە لەسەر زیاتکردنی بارگرژییەکان و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە لەقەڵەم دا، بە تایبەتیش دوای ئەو هێرشە درۆنییەی کە کرابووە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی شانشینی سعودیە.

پێشێلکاریی سەروەری و ئاسایشی ناوچەکە
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی کوێتدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هێرشی میلیشیاکانی عێراق پێشێلکارییەکی ڕوونی سەروەریی سعودیە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتیی خاکی ئەو وڵاتە، لە کاتێکدا ریاز هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا دەدات.

ئاسایشی هاوبەشی وڵاتانی کەنداو
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکدا هاتوو: "دووپاتی دەکەینەوە کە دەوڵەتی کوێت پاڵپشتیی تەواوی سعودیە دەکات لە هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی کە دەیگرێتە بەر بۆ پاراستنی ئاسایش، سەروەری و بەرژەوەندییەکانی، لەوانەش مافی ڕەوای بەرگری لەخۆکردن بەپێی ماددەی ٥١ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان."

وەزارەتی دەرەوەی کوێت جەختیشی کردووەتەوە کە ئاسایشی سعودیە بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی کوێت و تەواوی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP