هەرێم نیوز
دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا بڕیاری لەسێدارەدانی بە هەڵواسین تا مردن بۆ شەش تیرۆریست دەرکرد، کە لە نێویاندا تۆمەتبارێک هەیە کە پێگە و پلەی بەناو "والی ئەنبار"ی لە ڕێکخراوی داعشدا هەبووە.
پێشتر ئەم تۆمەتبارانە لە ڕێگەی ئۆپراسیۆنێکی هەواڵگریی پێشوەختەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە دەستگیر کرابوون.
بەپێی زانیارییەکان، لێکۆڵینەوەکان بە سەرپەرشتیی دادوەر جەبار حسێن ئەنجام دراون و تێیاندا سەرجەم بەڵگەکان لەسەر تاوانباران پشتڕاست کراونەتەوە، بەهۆی بەشداریی ڕاستەوخۆیان لە کارە چەکدارییەکانی داعش و هەڵگرتنی چەک بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و بڵاوکردنەوەی ترس.
دادگای تاوانەکانی کەرخ جەختی کردووەتەوە کە سزای لەسێدارەدانەکە پشتبەستن بە ماددەی ٤ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ساڵی ٢٠٠٥ دەرچووە.
هاوکات دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دووپاتی دەکاتەوە کە لە ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریی وڵات بەردەوام دەبن.