دواین هەواڵ

ئابوری‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

حكوومەت بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ كۆمپانیاكانی هەناردەی گەنم دەركرد

هەرێم نیوز

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی گەنمی جووتیارانی هەرێم هەناردەی دەرەوە دەکەن، ئەم بڕیارەش وەک ئاسانکارییەک بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی ئەمساڵ دەبێت و تەنیا بۆ ماوەی یەک مانگ کاری پێ دەکرێت.

وردەکاریی نووسراوەکەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران
ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی ئابی ٢٠٢٦، بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کە ژمارە ٢٠٥٤ی لەسەرە و بە واژووی د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوان دەرچووە، ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ کراوە بۆ جێبەجێکردنی لێخۆشبوونی گومرگی.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کاری پێویست ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە دەکەن. لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا ڕوون کراوەتەوە کە ئەم لێخۆشبوونە تەنیا بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت و وێنەیەکی ئاراستەی دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی کراوە.

پاشخان و گرنگیی بڕیارەکە بۆ جووتیاران
ئەم هەنگاوەی سەرۆکی حکوومەت دەبێتە هۆی ئاسانکارییەکی باش بۆ خێرا ساخکردنەوەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.

بۆ وەرزی ئەمساڵ، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری دابوو تەنیا ٤٠٠ هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەربگرێت کە ئەمەش کەمتر بوو لە ساڵانی پێشوو. بەهۆی زۆریی بەرهەمی ئەمساڵیشەوە، بەشێکی زۆری گەنمی جووتیاران لە دەرەوەی سایلۆکان و لە گۆڕەپانەکاندا مابووەوە، کە مەترسیی خراپبوونی لەسەر بوو بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP