ھەرێم نیوز
لە دوای شەش مانگ لە شەڕ و شکستی ڕێگەچارەی سەربازی لە بەدیهێنانی ئامانجە بنەڕەتییەکانیدا، ئیدارەی دۆناڵد تڕەمپ ستراتیژیی خۆی بەرامبەر ئێران گۆڕی بۆ چەکی "خنکاندنی ئابووری" (Economic D-Day).
لە ڕێگەی ئۆپۆراسیۆنێکەوە کە بە "دابڕاوی ئابووری" (Economic Pariah) ناودێری کردووە، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا هەوڵ دەدات سەرجەم شادەمارە داراییەکانی تاران ببڕێت، لەوانە: هاوئاهەنگییە دیجیتاڵییەکان، مامەڵەی زێڕ و ڕاگواستنی نەوت لە کەشتییەوە بۆ کەشتی.
بەڵام ئەنجامدانی ئەم ئۆپۆراسیۆنە واشنتنی ڕووبەڕووی تەنگژەیەکی قووڵی جیوپۆلەتیکی کردووەتەوە؛ چونکە زیاتر لە ٨٠٪ بۆ ٩٠٪ی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ کۆمپانیا و پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین دەروات کە بە یوان و لە ڕێگەی تۆڕی ئاڵوگۆڕی دەرەوەی سیستەمی دۆلارەوە ئەنجام دەدرێن.
جێبەجێکردنی سزای لاوەکی بەسەر ئەو کۆمپانیا چینییانەدا مەترسیی تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و پەکین و دروستبوونی شۆکی ئابووریی جیهانیی لێ دەکەوێتەوە، بەتایبەت لە لێواری لوتکەی چاوەڕوانکراوی نێوان تڕەمپ و شی جینپینگ.
لەسەر ئاستی ناوخۆش، ئابووریی ئێران تووشی داڕمانی خێرا بووە؛ بە جۆرێک نرخی ڕیاڵی ئێرانی دابەزیوە بۆ ٢.٠٢ ملیۆن ڕیاڵ بەرامبەر یەک دۆلار، و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریی داوە لەوەی "بە گەدەی برسی و بەبێ گەشەی ئابووری، وڵات بە توانای سەربازیشەوە خۆگەرم ناکاتەوە".
هاوکات لە ناوخۆی ئەمریکاش، پشتیوانیی جەماوەری بۆ ئۆپۆراسیۆنە سەربازییەکان دابەزیوە بۆ نزمترین ئاست و جەماوەری تڕەمپ گەیشتووەتە ٣٣٪. شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە واشنتن بەم ڕێکارانە شەڕەکەی لە کەنداوەوە پەڕاندووەتەوە بۆ زۆرانبازییەکی ئابووریی گەورەتر لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا.