هەرێم نیوز
پڕۆژەی ڕووناکی ڕوونکردنەوەیەکی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و ڕایگەیاند، بڕیاری لێخۆشبوونی ٥٠٪ لە پسوولەی کارەبا تەنیا ئەو قەرزە کەڵەکەبووانە دەگرێتەوە کە هی پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەکەن، نەک ئەو پسوولانەی پاش هاتنی پڕۆژەکە تۆمار کراون.
کێ لە لێخۆشبوونی ٥٠٪ سوودمەند دەبێت؟
بەپێی ڕوونکردنەوەکەی پڕۆژەی ڕووناکی، هەر هاوبەشێک کە پێش گەیشتنی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ ناوچەکەی قەرزی کارەبای لەسەر بووبێت و پاکتاوی نەکردبێت، دەتوانێت سوودمەند بێت لەم لێخۆشبوونە %٥٠ییەی حکوومەت.
ڕەتکردنەوەی دەنگۆکان
لە بەرامبەردا جەخت کراوەتەوە، هەر هاوبەشێک لە دوای پێگەیشتن و کاراکردنی پڕۆژەی ڕووناکی پارەی پسوولەکانی نەدابێت، هیچ جۆرە داشکاندنێکی لەو شێوازە نایگرێتەوە، جگە لەو داشکاندنە دیاریکراوانەی کە لە خودی پڕۆژەکەدا هەیە و تەنیا بۆ سێ مانگی یەکەمی پێدانی پسوولەکان بەکار دەهێنرێت.
پڕۆژەی ڕووناکی جەختیشی لەوە کردووەتەوە، ئەو دەنگۆیانەی باس لە بوونی لێخۆشبوونی ٥٠٪ لە پسوولەکانی دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی دەکەن، هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە و بڕیارێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە.