هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنەوەی کارمەند و دیپلۆماتکارەکانی بۆ باڵیۆزخانەکانی لە عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" پشتبەست بە بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، کە دوای ئەوەی لە کاتی جەنگی ئێراندا سەرجەم دیپلۆماتکاران گەڕێنرانەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆ ناردنەوەی دیپلۆماتکارەکانی بۆ باڵیۆزخانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕەنگە لەم هەفتەیەوە فەرمانبەرانی بواری دیپلۆماسیی ئەمەریکا بگەرێنەوە سەر کارەکانیان و ڕێکارە بەپەلەکانیش لە نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا کەم بكرێنەوە.
ئەو باڵیۆزخانانەی کە بڕیارە کارمەندەکانیان بگەرێنەوە بریتین لە باڵیۆزخانەکانی ئەمەریکا لە ئیسرائیل، لوبنان، عەرەبستانی سعودیە، قەتەر، ئوردن، عومان، عێراق و کوێت.
لە بەشێکی دیکەی بەڵگەنامەکەدا ڕوون کراوەتەوە، کە ڕێژەی کارمەندان لە نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا لە ئیمارات، سعودیە، قەتەر و لوبنان بە شێوەیەکی بەرایی بە ڕێژەی 85% دیاری دەکرێت، بەڵام بۆ باڵیۆزخانەکانی عێراق، کوێت و بەحرێن ڕێژەکە 75% دەبێت.