هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی کرێکارانی بیانیی خزمەتگوزاریی ماڵانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە کرد و ڕایگەیاند،، ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر.
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی 9ـی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوییکردەوە، بەپێی نووسراوی ژمارە ١١٧١١ کە لە 3ـی 9ـی 2026 دەرچووە، بەکارهێنانی وێنە و ڤیدیۆی کرێکارانی بیانی بەبێ ڕەزامەندیی خۆیان و بۆ مەبەستی ڕیکلام، بازرگانی، یان ناوبانگ دروستکردن قەدەغەیە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کرێکارانی بیانی خاوەنی هەمان مافی مرۆیی و کرێکاریین و نابێت جیاوازیی نەتەوە یان جۆری کار ببێتە هۆی پێشێلکردنی تایبەتمەندییان.
هاوكات ڕاگەیەندراوە، کە پاراستنی کەرامەت و تایبەتمەندیی کەسیی کرێکاران مافێکی سەرەکییە، نابێت لە دەرەوەی گرێبەستی کار ناچار بە کارێک یان ڕەفتارێک بکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان کراوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگرنە بەر.